گرووپێکی سەر بە پەکەکە لە سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن

 گرووپێکی سەر بە پەکەکە لە سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن
هەرچەندە ئاسایشی یەکێتی بڕیاری داوە کار و چالاکییەکانی گرووپەکانی سەر بە پەکەکە لە سلێمانی قەدەغە بکات، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی ١ی ٢٠١٩ یەکێک لەو گرووپانە خۆپیشاندان ئەنجام بدات.

کارۆ مەحموود، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان کە یەکێکە لە گرووپە قەدەغەکراوەکان، ڕایگەیاند، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و “دژی داگیرکاریی کوردستان” دەوەستنەوە.

ڕوونیشی کردەوە کە گرووپەکانی (گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر) لەژێر ناوی "هەڵمەتی سەرهەڵدان" خۆپیشاندانەکە ئەنجام دەدەن و هەوڵ دەدەن “تا ئەوکاتەی سێبەری داگیرکاری لە کوردستان دەگرین و لەناوی دەبەین، هەتا دوایین هەناسە تێکۆشان و بەرخودان دەکەین و سەر دەکەوین".

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ماوەیەکە لەلایەن ئاسایشی یەکێتییەوە چالاکییەکانیان قەدەغە کراوە و ئەندامەکانیان دەستگیر دەکرێن، بۆیە “ترسی ئەوەمان ھەیە ئەو ھەڵمەتی ڕەشبگیرییە بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی تەڤگەر و گەنجانی وڵاتپارێز بەردەوام بێت".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز هیوای خواست، یەکێتی ڕێگە لە گەنجانی وڵاتپارێز نەگرێت، چونکە “ئێمە خۆپیشاندانی ھێمنانە دەکەین”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی ئاسایشی یەکێتی لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی نێوان حزبەکەیان و تورکیا، جگە لە داخستنی سەرجەم بارەگای گرووپەکانی سەر پەکەکە، سینەما و کافێ کتێبیشیان داخست و نمایشکردنی فیلمی سینەماییان قەدەغە کرد، دواتریش دەیان کادیر و لایەنگری پەکەکەیان لە سلێمانی دەستگیر کرد کە دواتر دەستگیرکراوەکان ئاسایشی سلێمانییان بە ئەشکەنجەدانیان تۆمەتبار کرد.











باسنیوز
Top