حەشدی شەعبی لە کەرکووک ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەمریکییەکان دەکا
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی ١ی ٢٠١٩، لیوا حەمە رێگر، جێگری بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک لە بەرەی پردێ ڕایگەیاند، دیار نییە کە نیازی ئەمریکییەکان بۆ سنوورەکە چییە، بەڵام ”ئەوەی کە ئاگادار بم، لەم رۆژانەی رابردوو، نزیکەی ١٠٠ سەرباز و ئەفسەری ئەمریکی، ھاتنە نێو سەربازگەی کەیوەن لە کەرکووک، بەڵام ئیتر نازانم دواتر ژمارەی سەربازەکانیان زیاد کردووە یاخود نا".
لەبارەی ئەوەی ئایا هێزەکانی ئەمریکا نیازی وەدەرنانی حەشدی شەعبییان لە سنووری کەرکووک هەیە؟ لیوا حەمە ڕێگر ئاماژەی بەوە کرد: ”ئێمە پێمان باشە لە ماوەیەکی کەمدا ھێزەکانی ئەمریکا حەشدی شەعبی لە سنووری کەرکووک ڕاماڵن، بەڵام ئەو خواستە زەحمەتە وا بە ئاسانی جێبەجێ بکرێت، چونکە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە ھێزێکی کوردی دەستی میلیشیاکانی گرت و ھێنایانن بۆ سنووری کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە و ئێستاش دەیان جۆری گرووپی جیاجیای حەشدی شەعبی لە سنوورەکەن“.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاشکرا کرد: ”رێکخراوی بەدری سەر بە حەشدی شەعبی لەم رۆژانەی رابردوودا لە شاری کەرکووک، چەکی کلاشینکۆف و چوار مەخزەن فیشەکیان داوەتە هەر ئەندام و لاینگرێکی خۆیان، تەنانەت داویانە بە بەشێک لە تورکمانەکانیش و بەو کەسانە ڕاگەیاندراوە کە دەبێت شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵ ئەمریکییەکان بکەن لە ئەگەری ھاتنیان بۆ ناو شارەکە“.
ڕوونیشی کردەوە کە ئێستا ھەوڵێکی جددی ھەیە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک، ”تاوەکوو بەشێک لە ھێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە کەرکووک و ھەروەھا ئاسایش بگەڕێتەوە ناو سەنتەری شاری کەرکووک، ئەوکاتە دۆخی ئەمنیی کەرکووک چارەسەر دەکرێت“.
باسنیوز
