لە کۆیە 200 خۆبەخشی کەرتی تەندروستی بایکۆتی دەوامیان کرد
ئەمڕۆ یەکشەمە 20/1/2019 خۆبەخشانی تەندروستی لە سەرجەم بەشەکان و بنکەکان بایکۆتی دەوامیان کرد و داوا دەکەن دابمەزرێن و ساڵەکانی کارکردنیان بە خزمەت بۆ ئەژمار بکرێت.
توانا تەیفوور خۆبەخش لە بەشی تیشکی نەخۆشخانەی دکتۆر خالید گوتی: "ئێمە نزیکەی ۲۰۰ خۆبەخشین لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید و بنکەکانی دیکەی سنووری کۆیە، بڕیارمان داوە بایکۆتی هەموو بەشەکانی نەخۆشخانەکان بکەین و داوا دەکەین دامانمەزرێنن و ئەو چەند ساڵەی کارمان کردووە، بەخزمەت بۆمان ئەژمار بکرێت".
گوتیشی من سێ ساڵە خۆبەخشم و مافی خۆمانە دامەزرێین.
توانا تەیوفوور جەختیشی کردوە: "تا وڵاممان نەدرێتەوە، دەوام ناکەین و ئەمەش زیانی زۆر بەر نەخوش دەکەوێت، چونکە ئێمە هەموو بەشەکانمان پر کردووەتەوە".
بێخاڵ ئەحمەد کچە خوبەخشێکی دیکەی نەخۆشخانەی دکتۆر خالیدی کۆیە دەڵێت: "مافی خۆمانە دامەزرێن و لەگەڵ ئەوەش کاری خۆبەخشی دەکەین سووکایەتیمان پێدەکەن و بڕیارێک هاتووە دەڵێ نابێت خۆبەخشەکان لەناو نەخۆشخانە نان بخۆن، هەرچەندە ئێمە لێرە نان ناخۆین، بڵام ئەو بێڕێزییە بۆچی".
باسنیوز
