قایمقامی ھەولێر: کێشەی کەمیی غاز چارەسەر کرا
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێر ڕای گەیاندووە: "بۆ ماوەیەکی زۆر کەم، کێشەیەک لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای (دانەغاز)دا ھەبوو و چارەسەر کرا، بۆیە ئەمە بووە ھۆکاری ئەوەی ھەندێک غاز کەم بێت و خەڵکانێکیش ئەمەیان بە درەفەت زانی و نرخی غازیان بەرز کردەوە".
قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت: "ئێمە لە ماوەیەکی کەمدا ئەو کێشەیەمان چارەسەر کرد و ئێستا کێشەی کەمیی غاز نەماوە".
باسی لەوەش کردووە، کە کێشەی کەمیی غاز تەنیا چەند کاتژمێرێکی خایاندووە و دواتر چارەسەر کراوە، گوتیشی: "ئێستا نرخی غازی حکوومی بە 7 ھەزار و 500 دینارە، بازرگانییەکەیش بە 8 ھەزار و 500 دینارە، ھەر کەسێکیش لەم نرخە زیاتر غاز بفرۆشێت، سزای دەدەین و چەند کەسێکیش تا ئێستا سزا دراون".
چەند ڕۆژێکە کەسانێک کاتێک بە ھەواڵی کەمبوونەوەی غازیان زانی، نرخەکەیان بەرز کردەوە، کە نرخی یەک بتڵ غاز گەیشتبووە 13 بۆ 15 ھەزار دیناری عێراقی.
باسنيوز
