زانیاری لەبارەی زیادکردنی ماوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی ڕادەگەیەنرێت

 زانیاری لەبارەی زیادکردنی ماوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی ڕادەگەیەنرێت
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان زانیاری لەبارەی زیادکردنی ڕێژەی پێدانی کارەبا دەخاتە ڕوو.

حەمەئەمین هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند: ”وێستگەی هەڵمیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە قەزای خەبات تەواو بووە و ماوەیەک کارمان پێ کرد، بەڵام هەندێک کێشەی تەکنیکی هەبوو، بۆیە ئێمە وێستگەکەمان لە کۆمپانیاکە وەرنەگرتووە و تا ئەو کاتەی چاکی دەکەن“.

گوتیشی: ”وێستگە هەڵمییەکەی قەزای خەبات لە دوو تۆڕباین پێکهاتووە، کە هەریەک لەوانە 150 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، واتە بە هەردووکیانەوە 300 مێگاوات کارەبا دەخەنە ناو تۆڕی سەرەکی هەرێمی کوردستانەوە، جیا لەوەش بەزیادبوونی غازی سروشتی لە قۆناغی داهاتوودا هەمان پێشبینی دەکەین، کە نزیکەی 250 مێگاواتێک کارەبا زیاد ببێت، ئەو پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت تا هەموو وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کودستان سووتەمەنی تەواویان بۆ دابین دەکرێت".

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕوونیشی کردەوە، بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا جگە لەو پرۆژەیە، غازی سروشتیمان لە کێڵگە غازییەکاندا زیاد کردووە، لە مانگی ڕابردووشەوە نزیکەی 300 مێگاوت کارەبا زیاد کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەوتووینەتە وەرزی زستان و خواست لەسەر کارەبا زیاد بووە هەستی پێ ناکرێت، لە مانگی داهاتووشەوە بە گۆڕانی کەشوهەوا بەڕێژەیەکی بەرچاو کارەبا زیاد دەبێت.

بەرپرسەکەی وەزارەتی کارەبا ئاشکراشی کرد، پرۆژەیەکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی کارەبای هاوبەشەکانمان هەیە، بۆیە کاتێک بەرهەم زیاد دەبێ هاوبەشەکانی کارەباش کۆنترۆڵ دەکرێن، لە وەرزی داهاتوودا بەلایەنی کەم پێشبینی دەکەین بتوانین 20 کاتژمێر کارەبا دابین بکەین، هەرچەندە ئێمە ئامانجامان 24 کاتژمێرە، بەڵام ئەمە بەشەو و ڕۆژێک جێبەجێ ناکرێ قۆناغ بە قۆناغ دەکرێت.












باسنیوز
Top