بەهۆی هەوڵدان بۆ دواخستنی پێکهێنانی حکوومەت هۆشداری دەدرێت

 بەهۆی هەوڵدان بۆ دواخستنی پێکهێنانی حکوومەت هۆشداری دەدرێت
ئەندامێکی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشداریی توند دەدات لە هەوڵدانی هەر لایەنێک بۆ دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

فازڵ بەشارەتی، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، ڕايگەیاند: "هەقە ھەموو لایەنێک ڕاشکاو بێت و ھەڵوێستی خۆی بۆ خەڵک و ڕای گشتی ڕابگەیەنێت، بەو پێیەش کە پارتی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە، ئەگەر ھەر لایەنێک نەیەوێ بە ئاشکرا مەوقیفی خۆی ڕابگەیەنێت، دەبێ پارتی بە ڕاشکاوانە ھەڵوێستی ئەو لایەنانە بۆ ڕای گشتی و خەڵک ئاشکرا بکات، جا ھەر لایەنێک بێت".

جەختیشی کردەوە کە دانانی سەقفێکی زەمەنی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، ”زەرورەتێکی مێژوویی و سیاسییە کە بڕیاری یەکلاکەرەوە بێت بۆ پێکھێنانی حکوومەت، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیی خەڵک لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەنەکان گەورەترە و نابێت ئەو بابەتە دوا بکەوێت، چونکە ڕووداوێکی ئەمنیی گەورە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دێتە پێش، پێویستە کورد ماڵی خۆی و ھەڵوێستی و یەک بڕیاریی خۆی پێش بخات".

لە کۆتایی ئەیلوولی ٢٠١٨ەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێداگری لەوە دەکات کە پرسەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پۆستەکانی کەرکووک و بەغدا بە یەک پاکێج یەکلا بکرێنەوە، بۆیە بابەتی پێکهێنانی حکوومەت دواکەوتووە.











باسنيوز
Top