جیاوازی پلەی گەرمیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوستوراڵیا 38 پلەیە
شەپۆلێکی گەرما وڵاتی ئوستوراڵیای گرتووەتەوە و بەگوێرەی روانگەی کەشناسی ئوستوراڵیا، 49 پلەی سیلیزی لە هەندێک ناوچەی ئەو وڵاتە تۆمار کراوە و لە شارۆچکەی نونا کە سەر بە هەرێمی نیو ساوز وێڵزە، شەوانە پلەی گەرما دەگاتە 35.9 پلەی سیلیزی.
بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، لە شارۆچکەی تراکۆلا و بەندەری ئوگوستا، لە باشووری ئوستوراڵیا، رۆژی سێشەممەی رابردوو، پلەی گەرمیی گەیشتووەتە 49 پلەی سیلیزی.
بەهۆی شەپۆلەکانی گەرماوە، 16 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون و حکومەتیش داوا دەکات هاووڵاتیان بە تایبەت منداڵ و بەتەمەنەکان نەیەنە دەرەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان بە ساردترین رۆژەکانی ساڵیدا تێپەڕدەبێت.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێمی کوردستان، سبەی شەممە، پلەی گەرمیی شاری سلێمانی نزمترین ئاست بە گەیشت بە -3 پلەی سیلیزی تۆمار دەکات و پارێزگاکانی دهۆک و کەرکووکیش بە 12 پلە، بەرزترین ئاست تۆمار دەکەن.
k24-
