به‌فربارین رێگه‌ی نێوان ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین و سلێمانی داخست
له راپه‌ڕین رایگه‌یاند، ئێوارەی ئەمڕۆ 17ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2019، رایگه‌یاند، لە ناوچەی شێخ عوبێدی سەر بە شارەدێی خەلەکان، بەفر رێگه‌کەی بەست و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لەڕێگاکە پەکی کەوت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، بە گوتەی شایەتحاڵەکان زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێل کەلەناویاندا ئەمبۆڵانسی فریاکەوتنیان تێدابوو لەڕێگاکە گیریان خواردووه .
یادگار عه‌بدولكه‌ریم، بەڕێوه‌بەری ناحیەی خەلەکان راگەیاند، راستە رێگه‌کە بۆ ماوەیەك داخرا، بەڵام تیمەکانی شارەوانی ئێستا کار بۆ کردنەوەی رێگه‌کە دەکەن و توانیویانە سایدێکی رێگاکە بۆ ئۆتۆمبێلی بچووك بکەنەوە، بەڵام ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ناتوانێت لە رێگه‌کە بڕوات.
بەڕێوه‌بەری ناحیەی خەلەکان ئاماژەی بەوەش کرد، بەفربارین ئێستا بەردەوامە و ئەگەر بەو شێوەیە بێت، ئاستەنگی هاتووچۆ دروست دەکاتەوە.
ناوچەی شێخ عوبێد کە رێگه‌ی سەرەکییە و دەڤەری راپەڕین و سلێمانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ساڵانە بەفربارین ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ دروست دەکات، گیرانی ئەو رێگه‌یە هاتووچۆ لەنێوان دەڤەری راپەڕین و هەولێر و دهۆکیش بەسلێمانیەوە لە رێگه‌ی سماقووڵی پەکدەخات.
k24-
