د. خالس قادر: هیچ حاڵەتێکی ئەنفلەوەنزای باڵندە تۆمارنەکراوە

د. خالس قادر: هیچ حاڵەتێکی ئەنفلەوەنزای باڵندە تۆمارنەکراوە
وەزارەتی تەندروستی، یەکەم حالەتی تووشبون بە ئەنفلەوەنزای بەرازی لە ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و ھاووڵاتیانیشی دڵنیا کردەوە، ھەموو ڕێکارێک گیراوەتە بەر و ھیچ مەترسییەکی بۆ سەر ھاووڵاتیان نییە. هاوکات سەبارەت بە دەنگۆی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە هەرێمی کوردستان،  د.خاڵس دەلێ، ئەمە راستنییە.

دکتۆر خالس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کرد: "وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ڕێوشوێنێکی لەبەرامبەر ئەنفلەوەنزای بەراز گرتووەتە بەر و ئێستا ڤایرۆسەکە ھیچ مەترسییەکی ئەوتۆی لەسەر ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان نەماوە، ئەوەیشی ھەندێ دەزگای ڕاگەیاندن بڵاوی دەکەنەوە کە گوایە جگە لە ئەنفلەوەنزای بەراز، ئەنفلۆەنزای باڵندەش بڵاو بووەتەوە ھیچ بنەمایەکی بۆ نییە و ڕاستیی تێدا نییە."

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "تەنیا دوو حاڵەتی گوماناویی ئەنفلەوەنزای بەراز ھەبوون، پشکنین بۆ ھەردوو حاڵەتەکە کراوە و یەکێک لەوانە پۆزەتیڤ دەرچووە و یەکێکیش پشتڕاست کراوەتەوە کە ئەنفلەوەنزای بەرازە، بەڵام دوای پشتڕاستبوونی چارەسەری پێویستی بۆ کراوە و ڕەوشی تەندروستیی نەخۆشەکە ئاساییە و بڕیارە سبەی لە نەخۆشخانە ڕەوانەی ماڵەوە بکرێت."

دکتۆر خالس قادر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا بە ھۆی ھەبوونی چارەسەرەوە ئەنفلەوەنزای  بەراز کۆنتڕۆڵ دەکرێت و وەک سەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسەکە نییە، چونکە ڤایرۆسی بەراز کە ''ئێچ وەن ئێن وەنە'' چارەسەری ھەیە، لەبەر ئەوە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە تەنیا یەک حاڵەت ھەبووە، ئەویش کۆنتڕۆڵ کراوە و ھیچ مەترسییەکی بڵاوبوونەوەی لێ ناکرێت.
kdp-
Top