دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام کێشەی سووریا چارە دەکات؟
شەلال گەدۆ، سەرکردەی ئەنەکەسە لە نێو هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریادا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ناوچەی ئارام دەبێ لە ژێر چاودێڕیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت و پاراستنی نێودەوڵەتیی لەسەر بێت، نەک لە ژێر دەسەڵاتی هێزە ناکۆکەکاندا بێت."
بیرۆکەی دامەزراندنی ناوچەی ئارام هی سەردەمی باراک ئۆباما بوو، کەچی نەکەوتە بواری پراکتیکەوە و ئێستا دۆنالد ترامپ دەیەوێ ئەم بیرۆکەیە جێبەجێ بکات.
گەدۆ گوتیشی: "ترامپ دەتوانێت ئەم سیناریۆیە جیبەجێ بکات و کوردیش پارێزراو بن و هێزی کورد، وەک پێشمەرگەی ڕۆژیش، کە هیزیكی پەسەندە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە لەو ناوچەیە بێت."
ڕووسیاش لەسەر ئەو بڕیارە هاتووەتە دەنگ و دەڵێت، دەبێت هەموو ناوچەکان لە ژێر دەستی ڕژێمی سووریادا بن و دۆزی کوردیش لە ژێر دەستی ئەو وڵاتەدا چارە دەبێت.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەو بیرۆکەیەی واشنتۆن ڕایگەیاند، بۆ ڕازیکرنی ئانکارایە، چونکە ئەمە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمەریکا لەبەر هەندێک لە تویتەکانی ترامپ ساردی پێوە دیارە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەڤدەمیش دەڵێ، ئەو بیرۆکەیە بە ئەرێنی دەبینن، بەڵام ئەگەر لە ژێر پاراستنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت.
سەبارەت بە ناڕازیبوونی ڕووسیا لەو پرسەدا، بڕیارە سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەردانی مۆسکۆ بکات و گفتوگۆ دەربارەی ئەو پرسە بکرێت. بە پێی زانیارییەکان، ناوچە ئارامەکە بە درێژاییی سنووری سووریا و تورکیا دەبێت، بە درێژاییی 460 کیلۆمەتر و قووڵایی 32 کیلۆمەتر، کە چەند ناوچەیەکی سووریا دەگرێتەوە، لەوانە حەڵەب، ڕەققە و حەسەکە
kdp-
