مامۆستایەکی زانکۆ: ئەمەریکا دەیەوێ نفووزی حەشد و میلیشیاکان کەمبکاتەوە
"ئەوەی پەیوەندیی بە داهاتووی سیاسیی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵەوە هەیە، بابەتی چارەكردنی میلیشیا شیعەكانە، كە بە لای ئەمەریكاوە گرینگە جێبەجێی بكات." ئەمە قسەی هەڵمەت غەریب، مامۆستای زانستە سیاسییەكانە لە زانكۆی سەڵاحەددین، كە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا. ئەو، پێیشی وایە سەرۆكی حكوومەتی ئێستای عێراق كوتلەیەكی بەهێزی لە پشت نییە تا ئێستا، بۆیە ئاستەنگی دێتە پێش.
رێگرییەكانی بەردەم عادل عەبدولمەهدی
ئێستا واقیعی سیاسیی عێراق وای لێ هاتووە، میلیشیاكان لە هەندێ ناوچەی ناوەڕاست و باشوور حوكم دەكەن، هەربۆیەشە هەڵكەوت غەریب میلیشیاكان بە بەهێز ناو دەبات. بۆچوونیشی وایە بۆ كۆنتڕۆڵكردنیان پێویستی بە ئیرادەیەكی بەهێزی ناوەندە شیعەكان هەیە، نەوەک بە تەنیا سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بتوانێ ئەو کارە بکات، هەڵوەشاندنەوە و چەكداماڵین لەو هێزانەش، بە بڕوای ئەو مامۆستایەی زانكۆ، بۆ بەهێزیی میلیشیاكان و ڕۆڵی زۆریان لە كایەكانی حوكمڕانیی عێراقدا دەگەڕێتەوە.
ئەمەریكا دەیەوێت حكوومەتێكی بەهێز لە عێراقدا دروست بێت، وەك مامۆستاكەی زانكۆ تیشكی خستە سەر، هەندێ لە شیعەكانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە، بەڵام بە بڕوای هەڵمەت غەریب، ئەوانەش نوخبەیەكی سیاسین و توانای كەمكردنەوەی دەستێوەردانەكانی وڵاتانی ئیقلیمییان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا نییە، بۆچوونیشی وایە، كە ئەمەریكا پڕۆژەبەدیلی بۆ ئەو نوخبە سیاسییە هەبێت.
لە ئەگەری كۆنترۆڵنەكردنی میلیشیا شیعەكان، بە گوتەی هەڵمەت غەریب، ئەمەریكا دەستەوەستان نابێت و پڕۆژەی خۆی دەبێت، یەكێك لە هەنگاوەكانیشی بە دوورخستنەوەی ئەوانەی ئێستا لە حوكمڕانیی عێراقدان ئاماژە پێ دا.
گەڕانەوە بۆ مەرجەعی شیعە
ساڵی ٢٠١٤، دوای هاتی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و داگیركردنی بەشێكی وڵات، عەلی سیستانی وەك مەرجەعی باڵای شیعەكان، فتوای دروستكردنی ئەو هێزە میلیشیایانەی لە دژی ئەو ڕێكخراوە دا، لەو نێوەندەشدا چەندین هێز بە ناوی حەشدی شەعبییەوە پێك هێندران، مامۆستاكەی زانستە سیاسییەكان، گەڕانەوەی عادل عەبدولمەهدی بۆ مەرجەع وەك بەهاناوەچوونێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی میلیشیاكان، بە بژاردەیەکی دیكەی سەرۆكی حكوومەتی عێراقی دەزانێت.
ئەو بە ئەستەمیشی دەزانێت میلیشیاكان ئێستا گوێ بۆ کەس بگرن، بەو پێیەی بوونەتە خاوەنی نەوت و داهات و بەرژەوەندییان بە جۆرێك گەورەیە، كە بە ئاسانی دەستبەرداری نابن.
كاردانەوەكان
بەو هۆكارانەی پێشتر هەڵمەت غەریب باسی كردن، كە ڕێگرن لە بەردەم عادل عەبدولمەهدی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو میلیشیایانە، بۆچوونی وایە گەر بێت و هەوڵەكانی لە ژێر گوشاری ئەمەریكادا سەرنەگرن، ڕەنگە بیر لە کشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بکاتەوە، هۆكاری ئەوەش بۆ ئەو گوشارە چەندلایەنەی سەر سەرۆكی حكوومەت، وەك پڕۆژەی ئەمەریكا لە لایەك، ئێران لە لایەكی دیكە و هاوكات كێشە نێوخۆییەکانی شیعەش دەگەڕێتەوە.
بە پێی هەواڵەكان، ئەمەریكا داوای لە عادل عەبدولمەهدی كردووە، هەندێ لە میلیشاكانی حەشدی شەعبی چەك بكات، بەو پێیەی شەڕی دژ بە گرووپە تیرۆریستییەكان بەرەو كۆتایی دەچێت، وەك ڕێكخراوی بەدر، كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق، لیوای ئەبووفەزڵ عەباس و عەسائیبی ئەهلولحەق.
kdp-
