د. بەشیر حەداد: دەمانەوێ بڕی ٥٢٢ ملیار دینار مانگانە بۆ مووچەی هەرێم جێگیر بکەین

د. بەشیر حەداد: دەمانەوێ بڕی ٥٢٢ ملیار دینار مانگانە بۆ مووچەی هەرێم جێگیر بکەین
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراقدا دیاری کراوە، ئەگەر ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداش تایبەت بە بودجە جێبەجێ نەکرێت، پێویستە بەغدا مانگانە ٥٢٢ ملیار دینار بۆ ھەرێم ڕەوانە بکات، بۆ ئەو مەبەستەش لە ھەوڵی ڕازیکردنی فراکسیۆنەکاندان بۆ ئەوەی دەنگی پێویست بەدەست بێنێت و پەسەند بکرێت و ببێتە یاسا.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، د. بەشیر خەلیل حەداد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوام گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بڕیار دراوە تا کۆتاییی ئەم مانگە پەسەند بکرێت و ئەمە دواین وادەیە بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ."

د. بەشیر خەلیل حەداد گوتیشی: "لە پڕۆژەیاسای بودجەشدا دیاری کراوە کە ڕێککەوتنێک لە نێوان ھەرێم و بەغدا سەبارەت بە پشکی ھەرێم دەکرێت و ئەگەر ڕێککەوتنەکەش جێبەجێ نەکرێت، بەغدا پێویستە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە خەرج بکات، کە ئێستا ٣١٧ ملیار ڕەوانە دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ زیاد دەبێت، بە جۆرێک بۆ فەرمانبەران ٤٥٤ ملیار و بۆ پێشمەرگەش ٦٨ ملیار دینار خەرج دەکرێت."

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "دەمانەوێت ئەو ٥٢٢ ملیار دینارە زیادتریش بکەین، بۆ ئەوەی بەشی مووچەی ھەموو فەرمانبەران و پێشمەرگە بکات."

حەداد باسی لەوەش کرد: "ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆین لەگەڵ فراکسیۆنەکان، بۆ ئەوەی کۆدەنگییەک ھەبێت لە ڕۆژی دەنگداندا دەنگ بەو بڕگەیە بدەن و ببێتە یاسا، بۆ ئەوەی حکوومەت جێبەجێی بکات و تا ئێستاش ڕای فراکسیۆنەکان جیاوازە، بەشێکی زۆری پشتگیریمان دەکەن و ئێمەش ھەوڵ دەدەین تا کۆتاییی مانگ ھەموو فراکسیۆنەکان ڕازی بکەین.
kdp-
Top