ھەولێر.. ئەو کافتریایە داخرا کە ئافرەتی بۆ ڕاکێشانی گەنجان بەکار دەھێنا
ڕائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر لەوبارەیەوە ڕايگەیاند: "ئەو شەوەی گرتە ڤیدیۆی ئەو کافتریایەی ھەولێر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە، لە ھەمان شەودا کافتریاکە لەبەر ئەو ھۆکارە داخرا".
گوتیشی: "ئەو ئافرەتانەی لە بەردەم جامی کافتریاکەشدا کە بۆ ڕاکێشانی گەنجان سەمایان دەکرد، دەستگیر کران و بەڵێننامەیان پڕ کردووەتەوە کە جارێکی دیکە ئەگەر ئەو کارە دووبارە بکەنەوە، کارتی نیشتەجێبوون (ئیقامە)یان لێ وەردەگیرێتەوە".
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا گرتە ڤیدیۆی کافتریایەکی ھەولێر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە، کە لە بەردەم جامی کافتریاکە چەند ئافرەتێک بۆ ڕاکێشانی گەنجان وەستاون و سەما دەکەن، ئەو گرتە ڤیدیۆیەش لە ماوەیەکی کەمدا بینەرێکی زۆری ھەبوو، ھەروەھا بەشێکی زۆری بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، ڕەخنەی جیاوازیان ئاڕاستەی خاوەن کافتریاکە دەکرد.
باسنيوز
