هەسەدە: هەوڵ دەدەین لەگەڵ تورکیا بگەینە چارەسەر
هەروەک لە بەیاننامەکەی هەسەدەدا هاتووە، هەسەدە هەموو هاوکارییەکی تورکیا دەکات بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە سنووری نێوان رۆژئاوای کوردستان و تورکیا ”هەوڵ دەدەین لەگەڵ تورکیا بگەینە چارەسەر“.
نەرمی نواندنی هەسەدە بەرامبەر تورکیا دوای ئەوە دێت، کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە تورکیا لە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و داواشی لە هەسەدە کرد، هیچ هەنگاوێک دژی تورکیا نەگرێتە بەر.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها رایگەیاند، بۆ دوورخستنەوەی ئەگەری پێکدادانی سوپای تورکیا و هەسەدە، ناوچەیەکی ئارام بە قوڵایی 20 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای کوردستان دروست دەکەن و تورکیاش پێشوازیی لەو هەنگاوە کرد.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنيوز
