بۆرییه‌كی نوێی نه‌وت له كه‌ركووكه‌وه بۆ توركیا راده‌كێشرێ
ئه‌ندازیار، سامر غه‌زبان، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری وزه و وه‌زیری نه‌وتی عێراق به رۆژنامه‌ی سه‌باحی نیمچه فه‌رمی عێراقی گوتووه: "وه‌زاره‌ت پلانی هه‌مه‌جۆركردنی ده‌روازه‌كانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌یه، بۆ ئه‌وه مه‌به‌سته‌ش به جددی كار بۆ ئاماده‌كردنی پلان و به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له كێڵگه‌ی رومێله به ئاراسته‌ی به‌نده‌ری عه‌قه‌به و په‌له‌كردن له راكێشانی بۆرییه‌كی نوێی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركووك به ئاراسته‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی ده‌كه‌ین. جگه له‌وه‌ش تۆڕه ناوخۆییه‌كانی (باكوور) و باشوور پێكه‌وه ده‌به‌ستینه‌وه".
وه‌زیری نه‌وتی عێراق ده‌ڵێت: "ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆژانه ده‌ستی عێراق ده‌كاته‌وه تا توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت به دڵی خۆی و به‌هۆكاری ستراتیژی و ئابووری كار له بواری گواستنه‌وه و هه‌نارده‌ی نه‌وتدا بكات. له هه‌ر بارێكی ناكاو یان راوه‌ستان و كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌نارده له ده‌روازه‌یه‌كی دیاریكراویشدا، ده‌روازه‌ی دیكه ده‌بێت بۆ هه‌نارده و سه‌قامگیریی رێژه‌ی به‌رهه‌می خاوی نه‌وت و غازی عێراق بۆ ده‌ره‌وه‌ش كه‌منابێته‌وه".
غه‌زبان ده‌ڵێت: "وه‌زاره‌تی نه‌وت چاوی له بڕیاری دادگای فیدراڵییه له‌باره‌ی یاسای كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی فیدراڵی و كاتێك گه‌یشته‌وه ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و دواتر ره‌وانه‌ی حكوومه‌ت كرایه‌وه، به‌تایبه‌تی گه‌یشته‌وه وه‌زاره‌تی نه‌وت، وه‌زاره‌ت ئاماده‌یه كاری تێدا بكات و به‌شێوه‌یه‌كی نوێ هه‌موار بكرێته‌وه و پابه‌ندین به سه‌رله‌نوێ دامه‌زراندنه‌وه و پێكهێنانه‌وه‌ی كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانیین، چونكه دامه‌زراوه‌یه‌كی تهنكنی و هونه‌رییه و دووره له سیاسه‌تی پشك پشكێنه".
K24 -
