رێبوار هادی: بە ماددەیەكی یاسایی، بەغدا ناچار بە ناردنی مافە داراییەكانی هەرێم دەكرێ

	 رێبوار هادی: بە ماددەیەكی یاسایی، بەغدا ناچار بە ناردنی مافە داراییەكانی هەرێم دەكرێ
ئەندامێكی لیژنەی یاساییی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێ، لە هەوڵی زیادكردنی ماددەیەكدان لە نێو پرۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراقدا، کە لەو ماددەیەدا حكوومەتی عێراق پابەند دەكەن بەوەی كە یاری بە مووچە و مافە داراییەكانی هاووڵاتیانی هەرێم نەكات.

ماوەی نزیكەی پێنج ساڵ حكوومەتی عێراق مافە داراییەكانی هەرێمی ڕەوانە نەدەكرد بە هۆی بوونی كێشەی سیاسی لەگەڵ هەرێم. لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2016ی عێراقدا هێزی پێشمەرگە وەكو بەشێك لە مەنزوومەی سەربازیی وەزارەتی بەرگریی عێراق ناسێندرا و دەبوو مافە داراییەكانی هێزی پێشمەرگە ڕەوانە بكرێت، بەڵام بەغدا پابەند نەبوو پێوەی.

پێوەست بە مسۆگەركردنی مافە داراییەكانی هێزی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێم، د. ڕێبوار هادی، ئەندامی لیژنەی یاساییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەوڵ دەدەین لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراق بابەتی مافە داراییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و قووتی فەرمانبەرانی هەرێم لە كێشە سیاسییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا جیا بكەینەوە. ساڵانی ڕابردوو كاتێك كێشە دەكەوتە نێوان هەریم و بەغدا هەموو مووچە و مافە داراییەكانی هەرێم دەبڕدران لە ژێر چەند پاساو و بیانوویەكدا."

د. ڕێبوار هادی ئاشكرایشی كرد: "لە هەوڵی زیادكردنی ماددەیەكداین لە نێو پرۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراق و، چاوەڕوانی خوێندنەوەی دووەم دەكەین بۆ پڕۆژەیاساكە، لەو ماددەیەدا حكوومەتی عێراق پابەند دەكەین بەوەی كە یاری بە مووچە و مافە داراییەكانی هاووڵاتیانی هەرێم نەكات و لە كاتی بوونی كێشەی نەوت و كێشەی سیاسی و تەسفیەحسابی ساڵانی ڕابردوو قووتی خەڵك نەتوانێ ببڕێت."

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئاماژەیشی دا: "ئەگەر بێت و ئەو ماددەیە جێگیر بكەین ئیدی مافە داراییەكانی فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگە مسۆگەر دەبێت و مەترسیی بڕینی لەسەر نابێت لە هیچ ڕەوشێكدا. چونكە ئەم پرۆژەیاسایە دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەكرێت لە ئەنجومەنی نوێنەران و دەبێ هەموو لایەك پێوەی پابەند بن."
kdp -
Top