بە سەرۆکایەتی د.فوئاد حوسێن چەند بڕیارێک دەربارەی هەولێر و بەغدا دران
ئەمڕۆ د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران – وەزیری داراییی عێراق، سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەی دووەمی لیژنەی كاروباری ئابووریی كرد بە ئامادەبوونی وەزیرانی پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵ و پارێزگاری بانكی ناوەندی و سەرۆكی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان و ڕاوێژكاری ئابووریی سەرۆكوەزیران و نوێنەری وەزیری نەوت و د. عەلی سندی، وەزیری پلاندانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كادیری پێشكەوتووی وەزارەتی داراییی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دەستەی بازگە گشتییەكان و سەرۆكی دەستەی گشتیی گومرک و ژمارەیەك لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەران.
لەو دیداردەدا لیژنەی كاروباری ئابووری چەند بڕیارێكی دەركرد، لەوانەش یەكخستنی ڕسوومی گومرکی لە هەموو بازگە سنوورییەكان بە بازگە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە بە هۆی ئەو سوودە ئابوورییە گرنگانەی لەم بوارەدا بۆ هەموو عێراق دەگەڕێتەوە و ڕێكخستن و ئاسانكردنی هاتنی كاڵای پێویست و وەگەڕخستنی بازرگانی و یەكخستنی مۆڵەتی هاوردەكردن و بەدیكۆمێنتكردن و پێدانی باوەڕنامە (تصدیق)ی پێویست لەو بوارەدا .
هاوكات ئەم لیژنەیە بڕیاری لادانی هەموو خاڵەكانی پشكنین و وردبینی دا لە هەریەك لە فایدە، شێراوە لە باكووری كەركووك و لەیلان لە ڕۆژهەڵاتی كەركووك، بۆ هاندان و پێشخستنی بازرگانیی ناوخۆ و ئاسانكردنی هاتوچۆی كاڵا لە ناوخۆی عێراق. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا ڕێوشوێنی بازرگانیكردن بە زێڕ و كانزای بەهادار ڕێك بخرێتەوە و كار بە یاسای وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بكرێت لە هەموو بازگە سنوورییەكان بۆ ئاسانكردنی لیژنە هاوپەیوەندییەكان.
لیژنەی كاروباری ئابووری بڕیاری دا، هەموو بازگە سنوورییەكان بڕیاری پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی جێبەجێ بكەن و پابەند بن بە ساڵنامەی كشتوكاڵی بۆ هاندانی بەرهەمی خۆماڵی.
ئەو بڕیارانە بە مەبەستی بەهێزكردن و بووژاندنەوە و گەشەپێدانی ئابووری و پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت و ئاسانكردنی ڕێوشوێنە ئیدارییەكان دێت لە هەموو بەشەكانی دەوڵەت و بەهێزتركردنی بودجەی گشتی بەو داهاتانەی لە ئەنجامی ئەو بڕیارانە دێنە دی.
شیاوی باسە ئەم بڕیارانە دوای چەندین كۆبوونەوە و دیدار هاتن لە نێوان بەرپرسانی پەیوەندیدار بەو بوارەوە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ.
kdp -
