دوو ژنی بەسەر هێنا و پاشان كوشتی
نیوەڕۆی رۆژی 17ی ئاداری 2018 لە گوندی ئیمساوا لە سنووری ناحیەی رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش، پیاوێك بەناوی (ع.م) تەقەی لە خێزانەكەی كرد، بەو هۆیەوە نازدار تەها، تەمەن 40 ساڵ لەگەڵ كوڕە 17 ساڵانەكەی بەناوی (عومەر.ع) كوژران، كوڕێكی دیكەشی بەناوی (عەلی.ع) بریندار بوو. لەو كاتەوە تۆمەتبارەكە هەڵاتووە و دەستگیرنەكراوە.
كەوێ محەممەد، براژنی نازدار بە (رووداو)ی گوت: "نازدار 20 ساڵ بوو شووی بەو پیاوە كردبوو، بەڵام تەنیا دوو ساڵی یەكەمی بەخۆشی بەڕێكرد، باقی ژیانی لەگەڵ ئەو پیاوە، دۆزەخێك بوو بۆ خۆی".
بە گوتەی كەوێ، نازدار دایك و باوكی لەژیاندا نەمابوون و كەسێكی نزیكی نەبوو، بۆیە پیاوەكەی وا "توندوتیژ"بووە لەگەڵی. كەوێ گوتی: "نازدار ئافرەتێكی بێ دەسەڵات بوو، بۆیە مێردەكەی غەدری لێدەكرد، پێنج منداڵی هەبوو، بەڵام مێردەكەی دوو ژنی دیكەی بەسەرهێنا".
كەوێ دەڵێت نازدار چەندینجار لەلایەن مێردەكەیەوە لێیدراوە و چەند جارێكیش پەنای بۆ ئەوان بردووە، ئەوانیش بردوویانە بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، بەڵام هیچی بۆ نەكراوە.
كەوێ باسی ئەو رۆژە دەكات كە نازدار و كوڕەكەی كوژران و دەڵێت: "عومەر قوتابی بوو، ئەو رۆژە لە قوتابخانە گەڕایەوە بینی دیسان باوكی شەڕ بە دایكی دەفرۆشێ، ئەویش بەرگری لە دایكی كردبوو، پێیگوتبوو: هەتا كەی واز لە دایكم ناهێنی؟ باوكی بە تووڕەیی چووبووە دەرەوە، پاشان گەڕابووەوە، بینیبووی دەرگای لەسەر خۆی داخستووە. بە كوڕەكەی گوتبوو دەرگا بكەوە نانم بۆ هێناون، ئەویش باوەڕی كردبوو دەرگای كردبووەوە، بەڵام باوكی دەستدڕێژی گوللەی لێكردبوو، پاشان تەقەی لە نازداریش كردبوو، گوللەیەكی لە كوڕێكی دیكەشی دابوو برینداری كردبوو".
كەوێ گلەیی لە هێزە ئەمنییەكان هەیە و دەڵێت: "هیچ مەعقول نییە كەسێك بە رۆژی رووناك دوو كەس بكوژێ و هەڵبێ، ساڵێكیشە دەستگیر نەكراوە".
هاوژینی نازدار دوو ژنی دیكەی هەن كە هەردووكیان عەرەبن و بە ئەسڵ خەڵكی مووسڵن، بۆیە كەوێ گومان دەكات كە (ع.م) لەگەڵ دوو هاوژین و منداڵەكانیان هەڵاتبن بۆ مووسڵ. كەوێ دەڵێت: "منداڵەكانی نازدار بێ كەسوكار ماونەتەوە، كەس نییە بەخێویان بكات".
كەسوكاری نازدار چەند جارێك سەردانی دەزگا ئەمنییەكانیان كردووە و داوایان كردووە تۆمەتبار دەستگیربكەن، بەڵام كەوێ دەڵێت "هیچیان بۆ نەكردووین".
كەوێ بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: "بۆچی بكوژی ژنێكی ئەڵمانی لە كوردستان بە ماوەیەكی زۆر كەم دەستگیر دەكرێ، كەچی ئەوە نزیكەی ساڵێكە بكوژی نازدار و كوڕەكەی دەستگیر ناكرێ؟!".
موقەددەم ئارام محەممەد بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە دهۆك، پشتڕاستی كردەوە كە پێشتر نازدار لەلای ئەوان سكاڵای لە دژی هاوژینەكەی تۆمار كردووە، بەڵام هەموو جارێك خۆی چووەتە دادگا و تەنازولی كردووە و سكاڵاكەی لە دژی هاوژینەكەی كشاندووەتەوە، بۆیە نەیانتوانیوە هیچی بۆ بكەن.
گوتیشی: "ئێمە ئاگادارین هێزە ئەمنییەكان بەدوای بكوژی نازداردا دەگەڕێن، دڵنیابن بزانن لە هەر شوێنێكە دەستگیری دەكەن".
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە قەزای ئاكرێ بە (رووداو)ی راگەیاند : "ئەو پیاوە دوای تاوانەكە خۆی شاردووەتەوە و نازانین لە كوێیە، بەڵام زانیاریمان هەیە بەنیازە لەگەڵ كەسوكاری هاوژینە كوژراوەكەی سوڵحی عەشایری بكەن، هەر بۆیەش خۆی رادەستی پۆلیس ناكات".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "ئێمە درێخی ناكەین هەر زانیارییەك و سەرەداوێكمان لەبارەی تۆمەتبارەكە دەستبكەوێ بەدواداچوونی بۆ دەكەین".
رووداو
