لە سلێمانی دوو تۆمەتبار دەستگیر کران

 لە سلێمانی دوو تۆمەتبار دەستگیر کران
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کرد، کە دوو تۆمەتبار لە سنووری سلێمانی دەستگیر کراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 16/1/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە دوو ڕاگەیاندراوی جیاوازدا دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند، لە یەکەمیاندا ئاماژە بەوە دراوە: "دوای ئەوەی کچێکی تەمەن 20 ساڵ سکاڵای لە دژی کوڕێکی دانیشتووی ھەولێر تۆمار کرد، کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی لێ کردبوو، ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی ئیبراھیم ئەحمەد لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێ کرد و توانییان تۆمەتبار بھێننە شاری سلێمانی کە دانیشتووی شاری ھەولێرە و دەستگیری بکەن".

باس لەوەش کراوە، کە ئێستا ئەو تۆمەتبارە بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 2ی مۆبایل ڕاگیراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی دیکەی پۆلیسی سلێمانیدا ڕوون کراوەتەوە: "دوای ئەوەی ھاووڵاتییەک سکاڵای تۆمار کرد لەبەرامبەر ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی کە جۆری (نیسان پیکاب)ە، دزراوە، پاش وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی (حەسار)ی سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادق لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێ کرد و دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان تۆمەتبارێک دەستگیر کرا و ئۆتۆمبێلەکەش ڕادەستی خاوەنەکەی کرایەوە، ئێستاش تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 446 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە".
Top