ساڵی 2018 لە سووریا نزیکەی حەوت هەزار هاووڵاتیی سڤیل کوژراون
ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ (SOHR) کەلە لەندەنە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە ساڵی ڕابردوو بەگشتی لە سووریا شەش هەزار و 964 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون کە کە هێزە سەربازییەکانی سووریا لە کوشتنی چوار هەزار و 161 کەسدا دەستیان هەبووە.
ڕاپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە کە 467 هاووڵاتیی سڤیلی دیکە بەهۆی هێرشی هێزەکانی ڕووسیاوە کوژراون.
بەپێی هەمان سەرچاوە 417 کەسی دیکەش بەهۆی هێرشەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لەو وڵاتە گیانیان لەدەست داوە. هاوکات 446 کەسی دیکەش بەهۆی هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە بوونەتە قوربانی. 80 هاووڵاتیی سڤیلی دیکەش بەدەستی یەپەگە، پەکەکە (یەکینەکانی پاراستنی گەل و پارتی کرێکارانی کوردستان) کوژراون.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەشی خستووەتە ڕوو ساڵی 2018 بەگشتی 59 میدیاکار لە سووریا بوونەتە قوربانی کە 28 کەسیان کوژراون و 31 کەسیان بریندار یان ڕفێندراون. هاوکات 91 فەرمانبەری پزیشکی و تەندروستی و بەرگریی مەدەنیی خاچی سوور کوژراون و هاوکات 198 جار هێرش کراوەتە سەر ڕێکخراوە تەندروستی و مەدەنییەکان.
بەپێی هەمان سەرچاوە لانیکەم 223 حاڵەتی کوشتنی "ئیتنیکی و تاییفی" لەلایەن گرووپە جیاوازەکانەوە ڕووی داوە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش داوە 976 کەسیش بەهۆی ئەشکەنجە و ئازارەوە گیانیان لەدەست داوە.
هاوکات لە ساڵی 2018دا شەش هێرشی کیمیایی لە سووریا ئەنجام دراوە و لانیکەم 3601 بۆمبی بەرمیلی ئەنجام دراوە.
باسنيوز
