زمانی جەستەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەبەردەم سەرۆک بارزانی چیمان پێ دەڵێت؟
د. بەهات حەسیب قەرەداخی، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، لە خوێندنەوەیەکدا کە بۆ زمانی جەستەیی ساتی گەیشتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەردەم سەرۆک بارزانی کردوویەتی، ئاماژەی بەوە داوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ”بە هەنگاوی خێراو بەپەلە و بەهەردوو دەستی واڵاوە“ بەرەو ڕووی سەرۆک بارزانی دەچێت و ”بە روخساریدا دیارە کە زۆر دڵخۆشە و دەم بە پێکەنینە! ئاراستەی ڕوانین و چاوی بۆ ژێر ئاستی بینینە! ئەم دیمەنەی جەستەی جەواد زەریف گوزارشت لە هەڵوێستی نوێ و ئارەزووی خودی خۆی و دەوڵەتەکەی دەکات!“.
قەرەداخی ئاشکرای کرد کە لە بەرامبەر وەزیری دەرەوەی ئێراندا، سەرۆک بارزانی ”بە جەستەیەکی چەسپاو و جێگیرەوە دەبینرێ، بە هەیبەت و بە شکۆ وەک چیا ڕاوەستاوە و ئاراستەی بینینی ئاسۆییە و زەردەخەنەی سەرکەوتنی ئیرادەی لەسەر لێوە و بە تەنها یەک دەست ئامادەی پێشوازییە“.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە زمانی جەستەی سەرۆک بارزانی پێمان دەڵێت: ”ئێمەی کورد هەر لە جێی شایستەی خۆمانداین و بەدەستێک پێشوازی لە هاوسێکانمان دەکەین و دەستەکەی تریشمان بۆ بەرگرییە!“.
نەریمان ئەحمەد، چالاکوان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، نووسینێکی لەبارەی وێنەکەی ساتی گەیشتنی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەردەم سەرۆک بارزانی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا داوای کردووە وەکوو کوردێکی نەتەوەیی لە وێنەکە ورد بنەوە.
ئاماژەشی بەوە داوە کە ساڵی ڕابردوو جەواد زەریف وەک سەرسەختترین نەیاری میللەتی کورد ڕەفتاری دەکرد و تەنانەت لە کاتی هێنانەوەی تەرمی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتیدا، ئامادەنەبوو سەر دانەوێنێت، چونکە تەرمەکە لە ئاڵای کوردستاندا پێچرابوو.
باسیشی لەوە کردووە، هەر وەزیری دەرەوەی ئێران لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، دەیگوت ”بەهاوکاریی برا کوردە دڵسۆزەکان، دەوڵەتی کوردیمان لە ناوکەوە بڕی“.
نەریمان ئەحمەد خوێندنەوەی بۆ زمانی جەستەی وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە، بەوەی کە لە بەردەم سەرۆک بارزانیدا ”وەک منداڵ ڕادەکات بۆ لای ئەو پیاوەی کە هەوڵی بەخەبەرهێنانەوەی میللەتێکی دا و گوتی ئێمەش وەک ئێوە مافی بوون و ئازادیمان هەیە!“.
ئەو چالاکوانە نەیشاردووەتەوە: ”سرووشتی ژیان وایە، ئەگەر خۆت قورس نەبیت؟ ئەوا هەمیشە دوژمن بە سووک سەیرت دەکات. وەک ئەوەی هەمووشمان بینیمان! یەکگرتن بەردی بناغەی سەرکەوتنمانە“.
باسنیوز
