پارتی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی شەهیدکردنی کادیرێکی لە کەرکووک بڵاو کردەوە
لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی شەهیدکردنی کادیرەکەی لەنێو شاری کەرکووک بڵاو کردەوە.
لەو ڕاگەیاندراوەدا ئاماژە بەوە دراوە کە عەبدولجەبار ڕەشید عارف کاکەیی، بەرپرسی ڕێکخراوی موسەڵای پارتی لە سنووری لێژنەی ناوچەیەکی لقەکەیان کە کەسێکی نیشتمانپەروەر بووە، شەوی ڕابردوو لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی موسەڵا، لەلایەن تیرۆریستانەوە بە سەختی بریندار کراوە و بەو هۆیەشەوە شەهید بووە.
بەو بۆنە خەمناکەوە پارتی سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکار و کادیرانی پارتی لە کەرکووک کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، شەوی ڕابردوو دوو چەکداری نەناسراو لەسەر ماتۆڕسکیلێکدا، تەقەیان لەو کادیرەی پارتی کردووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەی، گیانی لەدەست داوە.
باسنيوز
