پەرلەمانتارێکی پارتی: پێش جەژنی نەورۆز حکوومەت پێک دەهێندرێت

 پەرلەمانتارێکی پارتی: پێش جەژنی نەورۆز حکوومەت پێک دەهێندرێت
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە پێش هاتنی جەژنی نەورۆز، کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک دەهێندرێت.



سەروان ھەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: ”پێکهێنانی حکوومەت کاتێکی زۆری نەماوە و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی پارتی لەگەڵ لایەنەکان، سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێکدەهێندرێت“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێش جەژنی نەورۆز، کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی تەواوەتی و بەشداریکردنی زۆربەی لایەنەکان پێک دەهێندرێت.



ئەو پەرلەمانتارەی پارتی نەیشاردەوە کە پارتی هەرچەندە لە ڕووی زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانییەوە دەتوانێت کارەکان ڕێک بخات، بەڵام بەپێی ئەو سیستەمە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا ناکات، پێشتریش لە کاتی پێکهێنانی هەموو کابینەکاندا پارتی خۆی و کورسییەکانی خۆی کردووەتە قوربانیی دۆخی کوردستان.



هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨ ئەنجام درا کە تێیدا پارتی ٤٥ کورسی، یەکێتی ٢١ کورسی، گۆڕان ١٢ کورسی، نەوەی نوێ ٨ کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی ٧ کورسی و هاوپەیمانیی بەرەو ئیسڵاح (یەکگرتوو و بزووتنەوە) ٥ کورسییان بەدەست هێنا.









باسنيوز
Top