پەرلەمان و حکوومەت کۆبوونەوەکانیان تایبەت بە بودجە دەکەن
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گفتوگۆی بەردەوام سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەکرێت و بڕیاریش دراوە پەرلەمان ھیچ پشوویەک وەرنەگرێت و مۆڵەتیش بە ھیچ کەسێک نادرێت تا پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند دەکرێت."
د. ڤیان سەبری گوتیشی: "لەمەودوا ئەنجومەنی نوێنەران ھەر کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات تایبەت دەکرێت بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق تا پەسەند دەکرێت."
باسی لەوەش کرد: "ئێمەش لەگەڵ ھەموو لایەنەکان لە گفتوگۆی بەردەوامداین بۆ ئەوەی سەبارەت بە داواکاریی کورد و پشکی ھەرێم لەگەڵیان بگەینە ڕێککەوتن و ئەوەی جێگەی دڵخۆشیشە ھەموو لایەنەکانی ناو پەرلەمان ڕایان لەبارەی داواکاریی کوردەوە ئیجابییە، بۆیە گەشبینین بتوانین بگەینە ڕێککەوتنێکی باش سەبارەت بە بودجە و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە."
kdp-
