بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دامەزراندن، دەرچووانی ساڵی ٢٠١٦ دەگرێتەوە
ئەنجومەنی وزیرانی ھەرێمی کوردستان لە دواین کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دامەزراندنی دەرچووانی پلە یەکەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکانی دا، کە تا ئێستا دانەمەزراون، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدینیش دەڵێ، ئێستا بڕیارەکە تەنیا دەرچووانی ساڵی ٢٠١٦ دەگەرێتەوە.
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، د. ئەحمەد دزەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە ناوی ھەموو دەرچووانمان بەرز کردووەتەوە کە لەسەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان لە پلەکانی یەکەمدان، بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان تەنیا ڕەزامەندیی لەسەر ناوی دەرچووانی یەک ساڵ داوە، ئەویش دەرچووانی ساڵی٢٠١٥_ ٢٠١٦یە."
د. ئەحمەد دزەیی گوتیشی: "لای ئێمە تا ئێستا ناوی دەرچووانی ساڵەکانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دانەمەزراون و ئێمەش بە نووسراو ھەموو ناوەکانمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و چاوەرێین ڕەزامەندی لەسەر ئەوانەی دیکەش بدرێت، بەڵام ئێستا تەنیا ڕەزامەندی لەسەر ھی ساڵێک دراوە."
kdp-
