وەزیری دەرەوەی ئێران: پێگە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران جێگەی بایەخ و گرنگییە

 وەزیری دەرەوەی ئێران: پێگە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران جێگەی بایەخ و گرنگییە
سەرۆک بارزانی و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە شاری هەولێر کۆبوونەوە و بارودۆخی سیاسی ناوچەکەیان تاوتوێکرد.

ئەمڕۆ، سێشەممە 15ـی 1ـی 2019 لە شاری هەولێر سەرۆك بارزانی پێشوازی لە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی لە ڕاستەڕێكردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق كرد و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە پێگە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخ و گرنگییە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرفەت و كەشوهەوایەكی نوێ هاتووەتە ئاراوە و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق هەموو هەوڵێك دەدات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم و بەغدادا ماون.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و سەرۆك بارزانی بۆچوون و نیگەرانییەكانی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا بە وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران گەیاند.

پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و هەر دوولا جەختیان لە دۆستایەتی و پەیوەندیی دوولایەنە كردەوە.











باسنيوز
Top