چاودێرێک: لایەنەکانیش درک بە پێگەی سەرۆک بارزانی دەکەن بەڵام بەئاشکرا نایڵێن
ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی ١ی ٢٠١٩، هەردوو وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئێران لە هەولێرن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە. پێشتریش وەزیرانی دەرەوە و وزەی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان، گەورە ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها دەیان شاند و گەورە دیپلۆماتکارانی دیکەی دونیا، هاتوونەتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەتەوە کە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیشیان، پرسی کورد و چارەنووسی کورد لە کوردستان بووە.
فەلاح مستەفا، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەمێک لەمەوبەر لە کاتی بەڕێکردنی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ وڵاتەکەی بە کەناڵی (کوردستان ٢٤)ی ڕاگەیاند: ”هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێگەی خۆی بپارێزێت و هاتنی ئەم شاندانەش بۆ هەرێمی کوردستان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە وڵاتان دەیانەوێت پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بپارێزن“.
لەمبارەیەوە عەرەفات کەرەم، چاودێری سیاسی و سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”هەرێمی کوردستان خۆی سەلماند، کە ڕیفراندۆممان کرد، بۆ وڵاتانمان دەرخست کە کوردستان دەیەوێت ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەڵام ئێستا ئەم شاندانە کە دێنە هەرێمی کوردستان، دەیانەوێ پێمان بڵێن دەموچاوی نوێ لە عێراق هاتوون و پێویستە لەگەڵ عێراق بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتان ”مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنە دەکەن کە هێزی بەدەستە و خاوەن بڕیارە و خاوەن پێگەی جەماوەرییە. هەرچەندە بەشێک لەسەردانەکان ڕەهەندی ئابوورییان هەیە، وەک هاتنەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران. زانراویشە کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی ئابووریی بەهێزی هەیە و لە هەموو لایەنەکان سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، ئەوانیش پشتیوانی حکوومەتێکی بەهێز دەکەن کە بتوانێت کوردستان لەم قۆناغە تێپەڕێنێت و لەگەڵ بەغدا کێشەکان چارەسەر بکات“.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەرەفات کەرەم نەیشاردەوە کە لایەنە کوردستانییەکان باوەڕیان بەوە هاتووە کە سەرۆک بارزانی چ پێگەیەکی هەیە، بەڵام ”لەلایەکەوە کورد سایکۆلۆژیایەکی خراپی هەیە و دان بە ڕاستیدا نانێت، لەلایەکی دیکەشەوە بەشێک لەو لایەنانە لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی پارتی خەڵکیان لەخۆیان کۆکردۆتەوە“.
عەرەفات کەرەم دەڵێت: ”وڵاتانی زلهێز مامەڵە لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەکەن، بۆیە پێویستە لە ناوخۆش بەو جۆرە بێت. ئەو قسە ناخۆشانەی لەبارەی سەرۆک بارزانییەوە دەیانکرد، هەمووی پێچەوانە بوونەوە. بۆیە ئێستا لایەنەکانیش ئەو ڕاستییە دەزانن کە سەرۆک بارزانی لە چ پێگەیەکدایە“.
لە کۆتاییشدا ئەوەی دووپات کردەوە کە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و دەستنیشانکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ”وادەکات لایەنە کوردستانییەکانیش بەو چاوە سەیری سەرۆک بارزانی بکەن کە مەرجەعێکی سیاسیی کوردە و پێشبینیش دەکەم لە داهاتوودا بەم جۆرە بێت“.
باسنیوز
