حكومەتی هەرێم دەرگای دامەزراندن لەنێو پۆلیسدا دەکاتەوە
لیوا بەختیار بابان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان تایبەت راگەیاند، بەھۆی دانەمەزراندنی پۆلیس کێشەی میلاکیان بۆ دروست بووە، گوتی: «بەھۆی قەیرانی دارایی، چەندین ساڵە دامەزراندن لەنێو پۆلیس وەستاوە، پێشووتر لە شوێندانان ھەبوو، بۆ نموونە، کەسێک خانەنشین دەبێت یان واز دەھێنێت، ئەویش لە ساڵی ٢٠١٦وە وەستاوە و نەکراوەتەوە، ئەوەش کێشەی کەمیی میلاکی بۆ دروست کردووین».
ئەوەشی خستە ڕوو، داواکاریی زۆریان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، بۆ ئەوەی دامەزراندن لەنێو پۆلیس بکرێتەوە، گوتیشی: «ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنی داوە دامەزراندن بۆ پۆلیس بکرێتەوە، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندییان داوە ئاسایش دابمەزرێنن، پاش ئەوان بۆ پۆلیسیش دەکرێتەوە».
مووچەی یەکەم دامەزراندنی پۆلیس لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٦٠٠ ھەزار دینارە، بەپێی ساڵانی خزمەت و بڕوانامە زیاد دەبێت. بابان، دووپاتی کردەوە، لە بنکەکانی پۆلیس و بەرگریی شارستانی میلاکی بەتاڵیان بۆ دروست بووە، ئەوەش کێشەی بۆ دروست کردوون، لە کاتێکدا بنکەی پۆلیس زیادی کردووە و خەڵکێکی زۆر خانەنشین بوونە و وازیان ھێناوە، ئەوەش کاریگەریی دروست کردووە، گوتیشی: «جاران دەوام کەم بوو، ئێستا دەوامی پۆلیس فوول بووە، بۆیە لە ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنیان پێ داوین، سەرەتا لە شوێندانان بکرێتەوە، پاشانیش دامەزراندن دەست پێ بکاتەوە».
روونیشی کردەوە: «خەڵکێکی زۆر نۆرەیان گرتووە بۆ دامەزراندن، ئێمەش بەپێی بڕوانامە و شیاوی و مەرجەکان دایان دەمەزرێنین، یان لە شوێندانانیان بۆ دەکەین».
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس لەبارەی باشکردنی ژیان و گوزەران و مووچەی پۆلیس گوتی: «ماوەی زیاتر لە ٦ مانگە، بڕێکی کەمی مووچەی پۆلیس و ئەفسەران پاشکەوت دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی دارایی لەمساڵدا پاشکەوتی مووچە لابەرێت، بۆیە لەمساڵدا ھەوڵ دەدرێت کێشەکانی پۆلیس چارەسەر بکرێن و پێداچوونەوە بە مووچەشدا بکرێت».
باسنیوز
