کونسوڵخانەی بەریتانیا لە ھەولێر ھەواڵێکی ئێن ئارتی بەدرۆ دەخاتەوە

کونسوڵخانەی بەریتانیا لە ھەولێر ھەواڵێکی ئێن ئارتی بەدرۆ دەخاتەوە
لە روونکردنەوەیەکدا له‌باره‌ی راپۆرتێكی كه‌ناڵی "ئێن ئاڕ تی" کونسوڵخانەی بەریتانیا جه‌خت ده‌كاته‌وه‌: "ئێن ئارتی راپۆرتێکی ھەڵەی لەبارەی دوایین سەردانی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بۆ لای سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بڵاوکردووەتەوە".

لە روونکردنەوەی کونسوڵخانەی بەریتانیادا ھاتووە: "جۆن ویڵکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ باسیان لە چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە و باڵیۆز وێلکس پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ چاکسازییەکان دەربرێوە، بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ کەرتی تایبەت، میدیای ئازاد و کۆمەڵگەی مەدەنی".

کونسوڵَخانەی بەریتانیا لە ھەولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات: "باڵیۆزی بەریتانیا لە ھەولێر روونیکردووەتەوە کە دیپلۆماتکاران لەگەڵ پارتە جیاوازەکان کاردەکەن, بەڵام ئەم کارکردنە بە واتای پاڵپشتی یان دژایەتی نایەت".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، "کاری لە پێشینەی ئێمەش ئەوەیە، لەگەڵ حکومەتەکان کار بکەین بۆ پەرەپێدانی بەرژەوەندی ھاوبەش".

كونسۆڵخانه‌ی بەریتانیا دووپاتیكرده‌وه‌: "دڵخۆشین بەو پەیوەندییە نایابەی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمانە، ھاوکات لەگەڵ ھەبوونی گفتوگۆی ئەرێنی لەسەر چاکسازییەکان، کە ھیوادارین لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حکومەتی بەریتانیا و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بنیاد بنرێن".
K24-
Top