بارزان محەممەد: خۆمان بۆ فێستیڤاڵێكی گەورەی گەشتوگوزار ئامادە كردووە

بارزان محەممەد: خۆمان بۆ فێستیڤاڵێكی گەورەی گەشتوگوزار ئامادە كردووە
بەرپرسانی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، بۆ ساڵی 2019 پلانێكی توكمەیان داناوە، كە شوێنە گەشتیارییەكان زیاتر بكەن و پتر سەرنجی گەشتیاران بۆ شوێنە گەشتیارییەكان رابكێشن، هەر بۆ ئەو مەبەستە لە مانگی سێدا پێشانگایەكی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار لە هەولێر دەكرێتەوە.

بارزان محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "بە هۆی بارینی بەفرەوە رۆژانە گەشتیارێكی زۆر روو لە دەڤەری سۆران و چیای كۆڕەك دەكەن، خۆمان بۆ فێستیڤاڵێكی گەورە ئامادە كردووە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كە سپۆنسەرێك بدۆزینەوە، هەر كاتێك سپۆنسەر هەبوو، ئەو كاتە فێستیڤاڵێكی گەورە ساز دەكەین، ئەو فێستیڤاڵەیش كاریگەری لەسەر زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران دەبێت".

بە گوتەی محەممەد، بۆ ساڵی 2019 پلانێكی توكمەیان داناوە كە شوێنە گەشتیارییەكان زیاتر بكەن و سەرنجی گەشتیاران پتر بۆ شوێنە گەشتیارییەكان رابكێشن، دەشڵێ: "هەوڵ دەدەین گەشتیاری زستانە زیاتر بكەین، هانی وەبەرهێنەرانیش دەدەین كە هاوكارمان بن، بۆ ئەوەی بتوانین ناوچە گەشتیارییەكان زیاتر بكەین، لەگەڵ ئەوەی پێشانگایەكی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار لە هەولێر دەكرێتەوە، كە بۆ یەكەمجار لە ساڵی رابردوو ئەو پێشانگایە كرابوویەوە، كۆمپانیا گەشتیارییە جیهانییەكان تێیدا بەشدار دەبن، ئەوەش هاندەرێكی دیكە دەبێت بۆ ڕاكێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان".

بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، ژمارەی گەشتیاران بۆ ساڵی 2018، گەیشتە سێ ملیۆن و 57 هەزار كەس، بەراورد بە 2017 رێژەكە 47% زیادی كردووە، تەنیا بۆ سەری ساڵ 136 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو، ئەمەیش رێژەیەكی پێوانەییە لە هاتنی گەشتیاران.
KDP-
Top