ئاكرەیی: سەردانی جەواد زەریف بۆ ھەرێم سیاسی و بازرگانییە.. بە ئەرێنی دەزانین
عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی ھەرێم و ئێران، ڕایگەیاند: "سەردانی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ھەرێمی كوردستان، ھەم سەردانێكی سیاسییە و ھەمیش بازرگانییە، وەزیری دەرەوەی ئێران دەمێك بوو سەردانی ھەرێمی كوردستانی نەكردبوو و ھەردوو لامان پێمان خۆش بوو ئەو سەردانە ئەنجام بدرێت، لە ڕووی بازرگانییەوە شاندێكی باڵای بازرگانی دێتە هەرێم كە لە گەورەبازرگان و بەرپرسانی بازرگانیی ئێران پێك ھاتووە و نزیكەی ٤٠ كەس دەبن، مەبەست لەو شاندە بازرگانییەیش، كە یاوەریی جەواد زەریف دەكەن بۆ ھەرێمی كوردستان، ئەوەیە كە بەشداری لە كۆنفڕانسێكی بازرگانیدا بكەن، كە بڕیارە دوانیوەڕۆی سبەی سێشەممە لە ھۆتێل گرامی شاری سلێمانی بەڕێوە بچێت".
ئەو بەرپرسەی ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ھەر سبەینێ شاندی باڵای بازرگانیی ئێران، لە شاری ھەولێر لەگەڵ ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ھەرێمی كوردستان لەبارەی رەوشی بازرگانیی نێوان ھەردوولا كۆ دەبنەوە".
لەبارەی رەوشی سیاسییەوە، ئاكرەیی ئاماژەی دا: "وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی كۆبوونەوە و دیداری دەبێت، بێگومان مەبەست لەو كۆبوونەوانە، پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێرانە، چونكە ھەرێمی كوردستان نزیكەی ٦٠٠ كلیۆمەتر سنووری لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا ھەیە و ھەبوونی ئەو سنوورە بەرفراوانەیش بێ كێشە نییە".
عەبدوڵڵا ئاكرەیی، زیاتر روونی كردەوە: "ئێمە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ھەرێمی كوردستان، بە ئەرێنی دەزانین بۆ ئەوەی ئەو كێشە و گرفتانەی دێنە پێش، بە دانوستان چارە بكرێن، بە تایبەتی ئاسانكاری لە ڕووی بازرگانییەوە ھەبێت، لەبەر ئەوەی ھەردوولا تێیدا سوودمەندین"
KDP-
