بەرەكات شەمۆ: جێگربوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچە كوردستانییەكان، بۆ پاراستنی خەڵكە

بەرەكات شەمۆ: جێگربوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچە كوردستانییەكان، بۆ پاراستنی خەڵكە
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایگەیاند، ئەمەریكا ترسی لەوە هەیە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا حەشدی شەعبی دەسەڵاتدار بێت، بۆیە هێزەكانی لەو ناوچانەدا جێگیر كردووە.

هێزەكانی ئەمەریكا، لە چەند ناوچەیەكی مووسڵ جێگیر بوون، بە تایبەت لە بەنداوی مووسڵ، ئێستایش لە چەندین ناوچەی كوردستانیدا بوونیان هەیە.

لەم بارەیەوە، بەرەكات شەمۆ، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "جێگیربوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە مووسڵ و دەوربەری و ناوچە كوردستانییەكان، بۆ پاراستنی خەڵكی ئەم ناوچانەیە، چونكە تا ئێستایش مەترسییەكی جیددی لەسەر ئەم ناوچانە هەیە، بۆیە نایەوێت خەڵكی ئەم ناوچانە دووچاری قڕكرن و ستەم و زۆرداری ببنەوە".

شەمۆ هەروەها ئاماژەیشی دا، تا ئێستا ڕەوشی مووسڵ و شنگال و بەشێك لە ناوچەكان جێگیر نییە، داعش لە رۆژئاوا و باشووری مووسڵ لە چالاكیی بەرفراواندایە و خەڵك تا ئێستایش لە ژێر هەڕەشەییەكی جیددیدایە.
KDP-
Top