دۆڵەمەری: سەردانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و پاریسە

دۆڵەمەری: سەردانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و پاریسە
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، نوێنەری حكوومەتی هەرێمیش لەو وڵاتە دەڵێ، سەردانەكەی بۆ چەند مەبەستێكە، لەوانە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەرێم و فەڕەنسا و پێدانی مافەكانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا.

عەلی دۆڵەمەری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە هاتنی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا روونی دەكاتەوە، بۆ چەند مەبەستێكە، وەك پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەولێر و پاریس، هاوكات بەشداریكردنی كۆمپانیا فەڕەنسییەكان لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی بە هۆی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش وێران بوون.

فەڕەنسا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە لە دوای دروستبوونی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش چووە ناو هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو رێكخراوە، ئێستایش لە عێراقدا لێرە و لەوێ جموجۆڵی ئەو رێكخراوە لە شێوەی یەكەی دەستوەشێن بوونیان ماوە و مەترسیی سەرهەڵدانەوەیشیان ماوە، بۆیە دۆڵەمەڕی پێی وایە، بەشێكی دیكەی سەردانی ناوبراو بۆ ئەو مەبەستەشە، كە چۆن بەرەنگاری سەرهەڵدانەوەی ئەو هێزە تیرۆریستییە ببنەوە.

گرینگیی پێگەی هەرێمی كوردستان

هەرێمی كوردستان خاوەنی پێگەیەكی بەهێزە و وڵاتانی جیهان لە ئاستی باڵادا سەردانی دەكەن و پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمدا هەیە، وەك نوێنەرەكەی حكوومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ كرد، هیچ كاتێك وەزیرێكی فەڕەنسا نەهاتووەتە عێراق، بێ ئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستانیشی نەكردبێت.

پێگەی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكە، كە نەك بۆ عێراق بە تەنیا، بەڵكوو بۆ ناوچەكەیش گرینگیی خۆی هەیە، سەرهەڵدانەوەی جموجۆڵە دیپلۆماسییەكان لەسەر ئاستی باڵای وڵاتانی دیكە و سەردانی گەورەبەرپرسان بۆ هەرێم، دەرخەری گرینگیی ستراتیژ و پێگەی هەرێمی كوردستانن. دۆڵەمەڕی وای گوت.

لێكنزیكتركردنەوەی هەرێم و ناوەند

وەك نوێنەرەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا ئاماژەی بۆ كرد، ئەجێندایەكی دیكەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەم سەردانە چاوەڕوانكراوەیدا بۆ بەغدا و هەولێر، باسكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو لایەنەیە، ئەو پێیشی وایە، گەر پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەند باش نەبێت، مەترسیی بۆ سەر ناوچەكە و ئەورووپایش هەیە.

هەمیشە وڵاتی فەڕەنسا داوای چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەندی بە رێی دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور كردووەتەوە، هەر بۆیەشە عەلی دۆڵەمەڕی بۆچوونی وایە، فەڕەنسا ئومێدێكی بە عادل عەبدولمەهدی هەیە بۆ زیاتر لێكترنزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا، بەو پێیەی خاوەن رەگەزنامەی فەڕەنسییە لە لایەك، لە لایەكی دیكەیشەوە كەسێكی میانڕەوە و دۆستێكی نزیكی كوردیشە، كە بتوانێت پەیوەندییەكان بەهێزتر بكات.

ئەوەش ناشارێتەوە، كە هەمیشە فەڕەنسا لە كۆنفڕانسەكاندا و لە ئەنجوومەنی ئاسایشیشدا جەختیان لە پێدانی مافەكانی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، ئەوكاتیش فەڕەنسا بوو كە بەیاننامەیەكی دەركرد كە هەرێمی كوردستان دوور بێت لە هەر جۆرە هێرشێكی چەكداری، كە بكرێتە سەری.

دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر و بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێم بە رووی گەشتە ئاسمانییەكانی وڵاتان و دروستكردنی گەمارۆی سیاسی لە لایەن عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای مانگی ١٢ی ٢٠١٧دا ئیمانوێل ماكڕۆنی سەرۆكی فەڕەنسا بە فەرمی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی بانگهێشتی فەڕەنسا كرد و لە كۆشكی ئێلیزێی پاریسی پایتەخت پێشوازی لە شاندی باڵای هەرێمی كوردستان كرد و تێیدا داوای كرد، كە كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند بە پێی دەستوور چارە بكرێن و هێز بەكار نەهێندرێت.
KDP-
Top