ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له بودجه‌ى گشتیى عێراق تاوتوێ کرد
سه‌ره‌تا نێچیرڤان بارزانى وێڕاى پیرۆزباییى ساڵى تازه، ئاماژه‌ى به سه‌ختییه‌كانى ساڵى ڕابردووى 2018 كرد و سوپاسى خه‌ڵكى كوردستان به‌گشتى و مووچه‌خۆرانى به‌تایبه‌تى كرد كه به‌رگه‌ى قه‌یران و سه‌ختییه‌كانیان گرت و تێگه‌یشتینیان بۆ دۆخى هه‌رێمى كوردستان هه‌بوو، هه‌روه‌ها هیواى خواست 2019 ساڵى كۆتاییهاتنى سه‌ختى و كێشه‌كان، تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌كان و باشتربوونى گوزه‌رانى هاووڵاتیان بێت.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه تایبه‌ت بوو به تاوتوێكردنى به‌شه‌بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له بودجه‌ى گشتیى فیدرالدا بۆ ساڵى 2019، به‌ڕێز ڕێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى ڕ‌اپۆرتێكى پێشكه‌ش به ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كرد سه‌باره‌ت به پوخته‌ى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2019ى عێراق و ئه‌و هه‌وڵانه‌شى خسته ڕوو كه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى ماف و شایسته داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كه‌یان و سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له په‌رله‌مانى عێراق و وه‌زاره‌تى داراییى حكوومه‌تى فیدراڵه‌وه، دراون.
دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه، وێڕاى ستایشكردنى ئه‌م هه‌وڵانه، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى له‌سه‌ر داكۆكیكردن له ماف و شایسته داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى پابه‌ندبوون به ده‌ستووردا، كرده‌وه.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى ڕا‌سپێردرا كه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى داراییى عێراق و لیژنه‌ى دارایى له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وام بن بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامێك كه تیایدا مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پارێزراو بێت. له‌مباره‌یه‌وه ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پابه‌ندیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، دووپات كرده‌وه.
باسنيوز
