مەحمود محەمەد و سەعدی پیرە باسی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەکێتی دەکەن
مەحمود محەمەد، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دوای کۆبوونەوەکە، لە پرێس کۆنفڕانسیکدا رایگەیاند، جگە لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بابەتێکی دیکە تاوتوێ کراون و لێژنەی دانوستاندنکار چەند کۆبوونەوەیەکی کردووە و ”جەختمان لەوە کردووەتەوە، کە کۆبوونەوەکان جددیتر بن و سەقفێکی زەمەنیش ھەبێت“.
مەحمود محەمەد هەروەها رایگەیاند، هەرچەند کۆمەڵێک کێشە لەبارەی بەغدا و کەرکووک هەن، کە پێویستیان بە چارەسەر هەیە، هەردوو حزب لێژنەیەکیان پێکھێناوە بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوانیان پێک هێناوە ”تا گەیشتن بە جۆرێک لە ڕێککەوتن“.
هەر لە پرێس کۆنفڕانسەکەدا، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی باسی هەموو کێشەکانی نێوانیان کرد و ”ئەمجارە ناکۆکییەکان زەق نەبوون“.
سەعدی پیرە ئاماژەی بە ”کاڵبوونەوەی رێککەوتننامەی سیاسی“ نێوان پارتی و یەکێتی کرد و رایگەیاند، هەردوولا بەپێویستیان زانیوە ”بەرنامەیەکی سیاسیی ھاوبەشمان ھەبێت بۆ ئیدارەدانی دۆخەکە“.
لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کراوە.
سەعدی پیرە جەختی لەوە کردەوە، کە هەردوو حزب لەبارەی ئەوەی ارودۆخی کەرکووک نەخوازراوە، ”هاوهەڵوێست“ بوون و پێیان وایە دەبێ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو شارە و دانانی پارێزگارێک بۆی و نەمانی داگیرکاریی حەشدی شەعبی، ”لە ئەولەویەتی کارەکانمان بێت“.
پیرە زیاتر باسی بارودۆخی کەرکووکی کرد و رایگەیاند، ئێستا کەرکووک ”ناسروشتیترین پارێزگای عێراقە، ھیچ شارێک ھێندە حەشدی شەعبی و عەسکەری لێنییە“ و لەو شارە عەقڵییەتێکی لەشکرکێشی باڵا دەستە، کە ”عەقڵیەتێکی دژی کوردستانیبوونی کەرکووک و کوردە“.
