پەکەکە چالاکییەکانی خۆی بۆ بەردەم ئاسایشی سلێمانی دەگوازێتەوە
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی ١ی ٢٠١٩، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە ناوی بنەماڵەی دەستگیرکراوەکانی تەڤگەر، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی لەبەردەم بارەگای ئاسایشی سلێمانی ئەنجام بدات و تێیدا داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان بکات.
لەمبارەیەوە تارا حوسێن، سەرکردە لە تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند: "پاش ڕەشبگیرییەکەی ئاسایش بۆ سەر ئەندامەکانمان، تاوەکوو ئێستا بەشێکی زۆری گیراوەکان لای ئاسایشی سلێمانی ماونەتەوە و ئازاد نەکراون".
جەختیشی کردەوە: ”کەمێکی دیکە بنەماڵەی دەستگیرکراوەکانمان لە بەردەم ئاسایشی سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەن و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی کەسوکارەکانیان دەکەن، چونکە ھەڤاڵەکانمان ماوەی چوار ڕۆژە دەستگیرکراون، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئازاد نەکراون".
تارا حوسێن لە لێدوانەکەیدا نەیشاردەوە: ”ئەوەی یەکێتی بەرامبەر تەڤگەری ئازادی دەیکات، کارێکی ھەڵەیە و بۆ خۆیان باجەکەی دەدەن، بەڵام ئێمە تەمەنا دەکەین یەکێتی واز لەو کارەی بھێنێت و بەقسەی تورکیای داگیرکەر نەکات، تەنانەت ئەگەر یەکێتی بەردەوام ڕێگری لە کار و چالاکییەکانی تەڤگەری ئازادی بکات، ئێمە ھەر لە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین".
باسنیوز
