چوار کۆڵبەری دیکە کوژران و بریندار بوون
بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سێ کۆڵبەری خەڵکی بانە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 2019.1.13 هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری )هەنگەژاڵ(ی بانە دەستەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا سێ کەسیان بریندار کردووە.
بەپێی هەمان سەرچاوە ناسنامەی ئەو سێ کۆڵبەرەی ”کارزان ئەمین زادە و نامیق غوڵامی" خەڵکی گوندی "خوێڕیئاوا" و "جەبار ئەحمەدی خەڵکی گوندی "کانی سوور" بوون.
لەلایەکی دیکەوە، شەوی ڕابردوو کۆڵبەریکی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی سەردەشت بە ناوی "شەهریار خزری" لە سنووری ئەو شارە کەوتووەتە بەر پەلاماری هێزە چەکدارەکانی ئێران و بە سەختی بریندار بووە.
هەمان سەرچاوە ئاشکراشی کردووە ئەو کۆڵبەرە گوللە بەر سەری کەوتووە و بەهۆی قووڵی برینەکانییەوە ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ کراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سالی ٢٠١٨ی زایینی ٣٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی شاری بانە بوونەتە قوربانی کە ٧ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ٢٥ کەسی دیکەشیان بریندار بوون.
باسنیوز
