هەڤاڵ ئەبوبەکر: مەترسی هەیە سلێمانی وەک حەلەب و عەفرین و کەرکووکی لێ بێت

 هەڤاڵ ئەبوبەکر: مەترسی هەیە سلێمانی وەک حەلەب و عەفرین و کەرکووکی لێ بێت
پارێزگاری سلێمانی ئاشکرای کرد، هەمیشە مەترسیی ئەوە هەیە، شاری سلێمانی، وەک شارەکانی حەلەب، عەفرین، شنگال و کەرکووکی بەسەر بێت و ڕەتیشی کردەوە ئەو ڕێوشوێنانەی لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەگیرێنە بەر، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بێت.



هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، هۆکاری دۆخی سلێمانی کە خۆی لە دەستگیرکردنی لایەنگرانی پەکەکەدا دەبینێتەوە، بڕیارێکە کە لەلایەن قوباد تاڵەبانی و بەناوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراوە، بۆ ڕێکخستنەوەی ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بەدەرەوەی هەرێمی کوردستان و پێویستییان بە وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمیی دامودەزگا فەرمییەکان هەیە.



هەڤاڵ ئەبوبەکر نایشارێتەوە کە ئەو ڕێوشوێنانەی لە سلێمانی گیراونەتە بەر، “لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران نییە”، بەڵام بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی کە ئەو بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران وەسفی کردووە، تێیدا داوا کراوە، هەر لایەنێک بیەوێت چالاکیی سیاسی بکات، دەبێت مۆڵەتی فەرمی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت.



پارێزگارەکەی سلێمانی کە هەرچەندە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە و بەردەوام بزووتنەوەکەی بانگەشەی ئازادیی بیروڕا دەکات، نکۆڵی لەوە کردووە کە سینەما سالم لە سلێمانی داخرابێت، سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی سینەماکە و هەموو بەڵگەکان گومانیان لەسەر داخستنی سینەماکە نییە.



هەڤاڵ ئەبوبەکر بەوە پاساوی دەستگیرکردنی لایەنگرانی تەڤگەری ئازادی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی داوەتەوە کە تەڤگەر داوای مۆڵەتی لە ئەوان نەکردووە و دەشڵێت: “ئەو خۆشەویستانە چ لەناو زیندان بن یا دەرەوەی زیندان، مامەڵەیەکی زۆر مرۆڤانەیان لەگەڵ دەكرێت”.



لەبەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا)، پارێزگاری سلێمانی نەیشاردووەتەوە کە “هەمیشە” مەترسی هەیە، سلێمانی هاوشێوەی حەلەب، عەفرین، شنگال و کەرکووکی بەسەر بێت و دەشڵێت: “له ‌خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی (پار)یشدا ئه‌م مه‌ترسییه‌ هه‌بوو”.





باسنیوز
Top