مامۆستایانی زانكۆ: دەستپێشخەریی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت ئومێدبەخشە

مامۆستایانی زانكۆ: دەستپێشخەریی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت ئومێدبەخشە
مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان، پشتیگری لە هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت دەكەن و، خوازیاریشن حزبەكان واز لە داواكاریی حزبی بهێنن.

بڕیارە پارتی دیموكراتی كوردستان دەست بە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت بكاتەوە و یەكەم كۆبوونەوەیش لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بێت، كە شاندی باڵای هەردوولا ئامادەییان بۆ كۆبوونەوە دەربڕیوە.

ڕزگار عیسا، مامۆستای زانكۆی دهۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "خەڵكی كوردستان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا دووچاری گرفتی زۆر بوو بە دەست قەیران و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە، ئێستا ئومێدێكی زۆر هەیە دوای 100 رۆژ حزبەكان بگەنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكوومەت، هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەو بارەیەوە جێگای دەستخۆشی و ئومێدبەخشن، كە بڕیاری داوە دەست بكاتەوە بە گەڕی سێیەمی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ، هەروەها باسی لەوەش كرد، پارتی كە بە درووشمی كوردستانێكی بەهێز بەشداریی هەڵبژاردنی كرد و 45 كورسیی بە دەست هێنا، زیاتر لە جاران متمانەی جەماوەری كوردستان مسۆگەر دەكات، هاتنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكایش بۆ لای سەرۆك بارزانی، ئاماژەی بوونی كوردستانێكی بەهێزە.

هاوكات د. ئازاد نەقشبەندی، مامۆستای زانكۆی سەڵاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی لەم قۆناغەدا بەرپرسیارەتیی زۆری دەكەوێتە سەر شان، گفتوگۆیشی لەگەڵ لایەنەكاندا نەپچڕاندووە و بڕیاریشە شاندی پارتی لەگەڵ لایەنەكاندا كۆ ببێتەوە، كە بێگومان خەڵكی كوردستانیش پشتیوانیی ئەو بڕیارە دەكەن، چونكە دۆخی ناوچەكە لە گۆڕانكاریدایە و دەبێت كورد لەم قۆناغەدا یەكگرتوو و بەهێز بێت، تا بتوانێت ڕووبەڕووی ئەگەرەكان ببێتەوە".

نەقشبەندی گوتیشی: "دەبێ حزبەكان واز لە داواكاریی زۆر بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ، ناشكرێت بە بیانووی جۆراوجۆر رێگری لە هیچ گفتوگۆیەك بكرێت، ڕەنگە ئەم جارە حزبەكان خۆیشیان گەیشتبنە ئەو باوەڕەی كە دەبێت حكوومەتی داهاتوو خزمەت زیاتری خەڵكی كوردستان بكات".

هەر لەم بارەیەوە، د. كەیوان ئازاد، مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی دا: "پێویستە هەرچی زووە دەست بكرێت بە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت، چونكە حكوومەتی كاتی ناتوانێت پڕۆژەی ستراتیژی هەبێت، ئەوەی ئێستاش هەیە، حكوومەتی كاربەڕێكەرە، بۆیە دەبێت لە دوای ئەو ماوە زۆرەی دوای هەڵبژاردن، دەست بكرێت بە گفتوگۆی حزبەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت".

بە باوەڕی د. كەیوان، دەستپێشخەریی پارتی بۆ گفتوگۆكان، جێگای ئومێدە، "بێگومان كۆبوونەوەكانیش گومانەكان لادەبەن و ئەو هەنگاوانەی بۆ داهاتووی حكوومەتیش دەنرێن، گرینگە بەرهەمدار بن".
kdp-
Top