بە دانانی تۆڕی زیرەك، بڕی پێدانی كارەبا باشتر دەبێت
ساڵ بە ساڵ خواست لە سەر زۆربوونی كارەبا لەلایەن ھاووڵاتیانەوە زۆرتر دەبێت، بەو ھۆیەشەوە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی كارەبا ناچار بوون پێوەری زیرەكی كارەبا دابنێن كە بە تۆڕی زیرەك ناو دەبردرێ و، لە ھەوڵدان كێشەی كەمیی پێدانی كارەبا باشتر بكەن.
حەمەئەمین ھەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دانانی پێوەری زیرەكی كارەبا لە ھەرێمی كوردستان كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە و چەند قۆناغێكیشی بڕیوە. وەك خۆی دەڵێ، بە دانانی ئەم پێوەرە، كێشەی كەمیی پێدانی كارەبا زۆر باشتر دەبێت، چونكە خواست بە پێدانی كارەیا لە لایەن ھاووڵاتیانەوە زۆر بووە".
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئاماژەیشی دا، زۆربەی كەرەستە و ئامێرەكانی پڕۆژەی دانانی پێوەری زیرەكی كارەبا گەیشتوونەتە ھەرێمی كوردستان، بەسەر شار و شارۆچكەكانیشدا دابەش كراون.
بە گوتەی حەمەئەمین ھەورامی، لە ماوەی ساڵێك و ٦ مانگدا پێوەرەكە بۆ ھەموو ھاوبەشانی كارەبا دەبەسترێ، سەرەتایش بۆ كۆمپانیا، مۆڵ و كارگە گەورەكان دادەنرێت، چونكە زۆرترین رێژەی كارەبا بەكار دەھێنن. داوایشی لە ھاووڵاتیان كرد، كارەبا بەهەدەر نەدەن و زیاد لە پێویست ئامێرە گەرمكەرەوەكان بەكار نەھێنن.
بە ھۆی بەفیڕۆچوون و ھەبوونی كێشە لە دابەشكردنی كارەبادا، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری دا پێوەری زیرەكی كارەبا بۆ ھەموو ھاوبەشانی كارەبا دابنێت.
لە وەرزەكانی زستان و ھاویندا، خواست لەسەر كارەبا لە دوو وەرزەكەی دیكە زیاترە، لەو دوو وەرزەدا ھەرێمی كوردستان پێویستی بە پێنج ھەزار مێگاوات كارەبایە، بەڵام وێستگەكانی كارەبا سێ ھەزار مێگاوات بەرھەم دەھێنن.
kdp-
