ھێزی ئەمەریکا لە چەند بنکەیەکی مووسڵ جێگیر دەکرێن

ھێزی ئەمەریکا لە چەند بنکەیەکی مووسڵ جێگیر دەکرێن
ەشێک لەو ھێزانەی ئەمەریکا کە لە سووریا دەکشێنەوە، گەیشتوونەتە شاری مووسڵ. بەرپرسێکی مووسڵیش دەڵێ، ئەمەریکا دەیەوێ ژمارەیەک بنکەی خۆی لە مووسڵ بکاتەوە و سەربازەکانی تێدا جێگیر بکات.

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری دەرکرد بۆ ئەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا بکێشێتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لەو ھێزە ئەمەریکاییە گەیشتووەتە شاری مووسڵ و کەرکووک. لەوبارەیەوە، ھاشم بریفکانی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ ئاشکرای کرد: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ھێزی ئەمەریکا دوای ئەوەی لە سووریا کشاوەتەوە لە سنووری مووسڵ جێگیر کراون."

سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "ھەرچەندە زانیاریمان نییە لەبارەی ژمارەی ھێزەکانی ئەمەریکاوە، بەڵام لە بنکەکانی غەزلانی و فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی نەینەوا و ناوچەی شەلالاتی نزیک مووسڵ جێگیر دەکرێن، ھێشتا بۆمان ڕوون نەبووەتەوە بە شێوەیەکی ھەمیشەیی ئەو ھێزانەی ئەمەریکا جێگیر دەکرێن، یان بۆ کاتێکی دیاریکراوە."

ھاشم بریفکانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: جێگیرکردنی ھێزی ئەمەریکا کاریگەریی لەسەر باشتربوونی ڕەوشی ئەمنیی شاری مووسڵ دەبێت.
kdp-
Top