"سەرۆکئەرکانی عێراق پێی گوتین، ناوچە کێشەلەسەرەکان بەبێ پێشمەرگە پارێزراو نابن"

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێ، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكئەركانی سوپای عێراق كۆ بووینەوە و، سەرۆكئەركان جەختی لەوە كردەوە کە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەماهەنگی دروست بكەن بۆ پاراستنی ناوچە كێشەلەسەرەكان.

د. ناسر یوسف، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ وەك لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی سەرۆكئەركانی سوپای عێراقمان كرد. سەرۆكئەركان جەختی لەوە كردەوە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەماهەنگی دروست بكەن بۆ پاراستنی ناوچە كێشەلەسەرەكان و، جەختیشی كردەوە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە پاراستنی ئەو ناوچانە زۆر ئەستەمە."

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەیشی دا: "حكوومەتی عێراق گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی ناوچە ناكۆكەكان ناپارێزرێن ئەگەر بێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە نەبێت و، خەڵكی ناوچەكان لە پاراستنی ناوچەكانیاندا بەشدارییان پێ نەكرێت. چەند هەنگاوێكیش نراوە بۆ دروستكردنەوەی هەماهەنگی لە نێوان هێزەكانی عێراق و پێشمەرگەی كوردستان. كۆبوونەوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیش بەردەوامن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ناوچەكانی تر."

د. ناسر یوسف ئاشكرایشی كرد: "ڕۆژ  بە ڕۆژ مەترسیی گرووپە تیرۆریستییەكان لە ناوچە كێشەلەسەرەكان زیاتر دەبێت و، ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ ناكرێن تاوەكو هێزی پێشمەرگەیان بۆ نەگەڕێتەوە و لە پاراستنیاندا بەشداریی پێ نەكرێت ."
kdp-
Top