سبەی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆ دەبنەوە
عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سبەی ڕۆژی دووشەممە ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ دەبنەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە کاتی ئەوە ھاتووە زیاتر دوا نەخرێت و کابینەکە دروست بکرێت."
عارف ڕوشدی گوتیشی: "ئەو کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ و دانوستانەکانیش ھەربەدەوام بوونە بۆ ئەوەی زەمینە بۆ گەڕی سێیەمی دانوستانەکان خۆش بکرێت و سبەیش یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت، دوایی سەردانی گۆڕانیش دەکرێت."
ڕوشدی باسی لەوەش کرد: "زۆر کێشە ھەن، بەتایبەت لە نێوان ھەرێم و بەغدا. پێویستە کابینەی نوێ دروست بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەوکێشانە چارە بکات و ھەوڵەکانیش چڕ دەکرێنەوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات کابینەی نوێ دروست بکرێت."
kdp-
