حکوومەتی عێراق بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان ڕازی بووە

 حکوومەتی عێراق بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان ڕازی بووە
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی حکوومەتی عێراق، ”بە شێوەیەکی سەرەتایی“ لەسەر گەڕانەوەی هێزە هاوبەشەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان ڕێککەوتوون.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕايگەیاند: ”ئێمە چاوەڕێی شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراقین کە بێن، تاوەکوو کۆبوونەوە لە نێوان ھەردوو وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لەبارەی گەڕانەوەی هێزەکان ئەنجام بدەین“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”مەبدەئیەن ھەردوولا بڕیارمانداوە و ڕەزامەندین لەسەر گەڕاندنەوەی پرۆسەی کاری ھاوبەشی ئەمنی و سەربازی، لە ھەموو ئەو ناوچانەی کە ئێستا جموجوڵی داعشی تێدایە لە خانەقینەوە تا دەگاتە شنگال، واتە ھەموو ناوچەکانی دیالە، سەلاحەدین، کەرکووک، مەخموور و مووسڵ“.

دووپاتیشی کردەوە کە ھێشتا ھیچ کۆبوونەوەیەکیان نەکردووە، بەڵام ”کۆبوونەوەی لەسەر دەکەین و دواتر لەسەر وردەکاریی ئەم بابەتە قسە دەکەین“.










باسنيوز
Top