ژنە دەستگیرکراوێک باسی ئەشکەنجەدانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانی دەکات
سەیران محەمەد کە ڕۆژی هەینی لەگەڵ دوو منداڵی تەمەن حەوت ساڵ و هەشت ساڵانەکەی، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک ژن و پیاوی دیکەی سەر بە گرووپەکانی لایەنگری پەکەکە لە سلێمانی دەستگیر کران و دواتر ئازاد کران، بە میدیاکانی پەکەکەی ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا سەرقاڵ بوون فیلمێک لەبارەی ژیانی ساکینە جانسز نمایش بکەن، “لەناکاو ١٢ مێکزەمین (ئۆتۆمبێلی ئاسایش) دەوریان دام و شەش کەس قۆڵیان گرتم و لەسەر زەوی پاڵیانخستم، قاچیان لە سەر پشتم دانا، دواتر بە قژڕاکێشان و داری کارەبایی منیان خستە ئۆتۆمۆبێلەکەوە".
ئەو ئافرەتە باس لەوە دەکات کە بە شەق و تێهەڵدان و ”دونیایەک جنێو“ لەگەڵ منداڵەکانی و چەندان ژنی دیکە، لە حەوشەی ئاسایشدا ”فڕێیان داین“ و لە کەشێکی سارددا جێیان هێشتوون. باسیش لەوە دەکات: ”ژنەکان لەنێو حەوشەکەدا دەبوورانەوە و ئاسایشەکان جنێو و تەشهیریان پێمان دەکرد، تا کاتژمێر ٩:٣٠ی شەو ماینەوە، پەرتەوازەیان کردین. ئێمەیان کردە چەند پۆلێک، ٨ کەس لە ئێمە ماینەوە، بەڕێوەبەری ئاسایش درۆی لەگەڵ کردین بۆ ئەوەی جیامان بکەنەوە، گوتی هەڤاڵەکانتان ئازاد کراون“.
سەیران ئاشکرای کردووە کە بەهۆی ئەوەی دوو منداڵی لەگەڵدا بووە و کەس ئامادە نەبووە منداڵەکان لەخۆوە بگرێت، بە بارمتە ئازاد کراوە.
باسنيوز
