ژنە دەستگیرکراوێک باسی ئەشکەنجەدانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانی دەکات

ژنە دەستگیرکراوێک باسی ئەشکەنجەدانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانی دەکات
یەکێک لەو ژنانەی لەلایەن ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی دەستگیر کرابوو، ئاماژە بەوە دەکات کە لەلایەن ئاسایشەوە ئەشکەنجە دراوە و سووکایەتی پێ کراوە.

سەیران محەمەد کە ڕۆژی هەینی لەگەڵ دوو منداڵی تەمەن حەوت ساڵ و هەشت ساڵانەکەی، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک ژن و پیاوی دیکەی سەر بە گرووپەکانی لایەنگری پەکەکە لە سلێمانی دەستگیر کران و دواتر ئازاد کران، بە میدیاکانی پەکەکەی ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا سەرقاڵ بوون فیلمێک لەبارەی ژیانی ساکینە جانسز نمایش بکەن، “لەناکاو ١٢ مێکزەمین (ئۆتۆمبێلی ئاسایش) دەوریان دام و شەش کەس قۆڵیان گرتم و لەسەر زەوی پاڵیانخستم، قاچیان لە سەر پشتم دانا، دواتر بە قژڕاکێشان و داری کارەبایی منیان خستە ئۆتۆمۆبێلەکەوە".

ئەو ئافرەتە باس لەوە دەکات کە بە شەق و تێهەڵدان و ”دونیایەک جنێو“ لەگەڵ منداڵەکانی و چەندان ژنی دیکە، لە حەوشەی ئاسایشدا ”فڕێیان داین“ و لە کەشێکی سارددا جێیان هێشتوون. باسیش لەوە دەکات: ”ژنەکان لەنێو حەوشەکەدا دەبوورانەوە و ئاسایشەکان جنێو و تەشهیریان پێمان دەکرد، تا کاتژمێر ٩:٣٠ی شەو ماینەوە، پەرتەوازەیان کردین. ئێمەیان کردە چەند پۆلێک، ٨ کەس لە ئێمە ماینەوە، بەڕێوەبەری ئاسایش درۆی لەگەڵ کردین بۆ ئەوەی جیامان بکەنەوە، گوتی هەڤاڵەکانتان ئازاد کراون“.

سەیران ئاشکرای کردووە کە بەهۆی ئەوەی دوو منداڵی لەگەڵدا بووە و کەس ئامادە نەبووە منداڵەکان لەخۆوە بگرێت، بە بارمتە ئازاد کراوە.










باسنيوز
Top