سامان شاڵی: هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بە بێ رێككەوتن دانراون
دكتۆر سامان شاڵی، كەسایەتیی سیاسیی كورد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بەداخەوە كورد لە بەغدا یەكگرتوو نین، ئەوەش كاریگەری لەسەر كاركردنی نوێنەرانی كورد لە بەغدا ھەبووە، چونكە كە دێتە سەر پرسی ھەرێمی كوردستان، عەرەب لە بەغدا یەكھەڵوێستن، كەچی كورد خۆیان یەك نین، پێویستە كورد نێو ماڵی خۆی رێك بخاتەوە".
شاڵی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، شیعە یەك نەبوون كە د.عادل عەبدولمەھدی بۆ سەرۆكوەزیران ھەڵبژێردرا، ھەرچەندە ئەو دۆستی كوردە و كەسێكی نەرمە بەرانبەر بە ھەموو لایەنەكان، بەڵام ھیچ پشتگیرییەكی نییە، ھەتا دەرچوونی سەرۆككۆماریش پەیوەندی بە پەرتەوازەیی كوردەوە ھەبوو، لەبەر ئەوەی سەرۆككۆماری ئێستای عێراق، ھەموو كورد پشتگیریی لێ ناكات و بە دەنگی شیعە بووەتە سەرۆككۆمار، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بە ھەمان شێوە نوێنەرایەتیی عەرەبی سوننە ناكات.
دكتۆر سامان دەشڵێ، ھەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بە بێ رێككەوتنی نێوان لایەنەكان ھەڵبژێردراون، لەبەر ئەوەشە لە بەرچاوی میللەت قورسایی خۆیان لە دەست داوە، پێویستە سەرۆكوەزیرانی عێراق باڵانسی نێوان پێكھاتەكانی عێراق رابگرێت، بە پێچەوانەوە ئەنجامی باشی نابێت.
kdp-
