سێ هاووڵاتیی رفێندراوی کورد لە خورماتوو بە پارە ئازاد كران
مانگی رابردوو، تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر گوندی (پارە پارە)ی كوردنشینی سەر بە خورماتوو و لە ئەنجامدا داعش چوار هاووڵاتیی رفاند و یەكێك لە هاووڵاتییەكان هەر ئەوكات توانی خۆی لە دەستی داعش رزگار بكات، بەڵام سێ هاووڵاتییەكەی دیكە بەرفێنراوی لای داعش مانەوە.
پێشتر، ئازاد رۆستەم، بەرپرسی یەكێتیی لە داقووق، ڕای گەیاندبوو كە داعش لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو هاووڵاتیانەی دانیشتووی گوندی (پارە پارە) كە دەكەوێتە رێگای نێوان داقووق-خورماتوو داوای بڕی 150 دەفتەر دۆلاری كردووە.
محەمەد فایەق، بەرپرسی پێشووی بەشی راگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) ڕای گەیاندووە، ئەو هاووڵاتییانەی گوندی (پارە پارە)ی سنووری خورماتوو كە پێشتر لەلایەن داعشەوە ڕفێنرابوون، ئەمڕۆ شەممە 12/1/2019، بە بڕی 35000 دۆلاری ئەمریكی ئازاد كراون و گەشتنەوە ناو كەسوكارەكانیان.
باسنيوز
