پۆلیسی هەولێر بەدەست ئافرەتێکەوە گیرۆدە بووە
پاش ئەوەی تۆماری ڤیدیۆیی ئافرەتێک لە هەولێر بڵاو بووەوە کە لەسەر پردێکدا هەوڵی خۆهەڵدانی داوە، ڕائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر ڕايگەیاند: ”ئەمڕۆ شەممە ١٢\١\٢٠١٩ جاری دووەمە کە ئەو ئافرەتە کە ئافرەتێکە ناتوانێت قسە بکات و ببیستێت، دەیەوێت لەو پردە خۆی فڕێ بداتە خوارەوە، لە ھەردوو جارەکەشدا گرتوومانە و دواتر ئازادمان کردووە“.
باسیشی لەوە کرد کە ماوەی ساڵێک و شەش مانگە بەو ئافرەتەوە سەرقاڵن و ”نازانین چی لێ بکەین“.
پێش چەند ڕۆژێک گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕای گەیاندبوو کە ساڵێك و نیو لەمەوبەر ”پەڕاومان بۆ ئەو ئافرەتە کردەوە بردمانە خانەی داڵدەدانی ئافرەتان، بەڵام لەوێ نەگیرساوەتەوە و شەڕی ناوەتەوە و شوێنەكەی جێ هێشتووە”.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسیشی لەوە کردبوو کە ئەو ئافرەتە خەڵكی رانیەیە و بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ناردوویەتیەوە بۆ ڕانیە، بەڵام بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ سنووری شاری هەولێرە. بۆیە داوای لە ڕێکخراوەکانی بواری کۆمەڵگەی مەدەنی و خێرخوازان کردبوو، “بە هانای ئەو ئافرەتەوە بچن”.
باسنيوز
