شێخ جەعفەر مستەفا: لە خانەقین زیاتر لە 50 گرووپ و هێزی جۆراوجۆر هەن

 شێخ جەعفەر مستەفا: لە خانەقین زیاتر لە 50 گرووپ و هێزی جۆراوجۆر هەن
بەرپرسێکی پارتی ڕای دەگەیەنێت، لە خانەقین و دەوروبەری بەناوی حەشدی شەعبییەوە زیاتر لە 50 هێز و گرووپی جۆراوجۆر بنکە و بارەگایان هەیە، بەڵام ڕەوشی ئەمنیش ئاڵۆزە.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین ڕايگەیاند لەناو شاری خانەقین تەقە لە دوو گەنجی کورد کراوە و یەکێکیان بە سەختی بریندار بووە.

ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "دۆخی ناوچەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات و 52 جۆر هێز و گرووپ بە ناوی حەشدی شەعبی لەگەڵ چەند هێزێکی دیکە بەناوی پۆلیسەوە هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا فەوجێکی یەکەی ٧٠ی یەکێتی هاتووەتە خانەقین و لە نزیک ماڵەکەی مەلا بەختیارە، بەڵام خانەقین شارێکی بچووکە و ئەم هەموو ڕووداوە تێیدا ڕوو دەدات، کەواتە هێزەکانی حەشد و پۆلیس بەو هەموو چەکەی باشەی هەیانە ئەم گرووپانە چۆن دێن؟“.

شێخ جەعفەر مستەفا ئەوەشی خستە ڕوو: "کاتژمێر ٨:٣٠ی شەوی هەینی لەسەر شەممە لەناو شاری خانەقین تەقە لە دوو گەنجی کورد بەناوەکانی (نەجم عەبدوڵا، عەلی موحسن) کراوە و بریندار بوون و برینی یەکێکیان سەختە و گوتیشی "ماوەیەکە گرووپێکی ٥٠ کەسی کە دابەش بوونەتە سەر هەر دوو بەرەی ڕووباری سیرواندا هێرش دەکەنە سەر گوندەکان و هەڕەشەیان لێ دەکەن، شەوی ڕابردووش هێرشیان کردووەتە سەر گوندی شێرەوەن و خەڵکی گوندەکە بەرگرییان کردووە، بەڵام دواتر کارگەیەکی بلۆکیان سوتاندووە“.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەو هێزانە دەیانەوێت وای نیشان بدەن کە ناوچەکە ئاڵۆزە و پێویست دەکات تۆزێکی دیکە بێنە پێشەوە، بەڵام دۆخەکەشیان پێ چاک ناکرێت، ئاشکراشی کرد ڕۆژی پێنجشەممە ١٠\١\٢٠١٩ ئەمریکییەکان هاتوونەتە خانەقین بۆ ئەوەی تێیدا شوێنێک بگرن، بەڵام ئەمەش نیگەرانی و ترسی بۆ حەشد و دۆستەکانی کە غەیرە عێراقین دروست کردووە".











باسنيوز
Top